نەتەوە یەکگرتووەکان قەیرانی بەدخۆراکی لە نێوان منداڵانی سوداندا ئاشکرا دەکات
سودان لەمساڵدا شایەتی تێکچوونی جددی دۆخی منداڵانی بەخۆیەوە بینیوە، خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکەن، کە نزیکەی ٨٢٥ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ مەترسیی بەدخۆراکی توندیان لەسەرە.
ناوەندی هەواڵ
ئازاری منداڵان لە سودان بەرەو هەڵکشان دەچێت لەگەڵ بەردەوامی ململانێکان، شەپۆلەکانی ئاوارەبوون و داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پاڵیان پێدەنێت بەرەو ئاستێکی مەترسیداری بەدخۆراکی، ئەمەش سەدان هەزاریان دەخاتە مەترسی مردنی دەستبەجێ بەهۆی نەبوونی چاودێری و پشتیوانی.
نەتەوە یەکگرتووەکان ١٢ی تومووز ڕایگەیاند، کە ٨٢٥ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تووشی بەدخۆراکی توند دەبن لە ئەنجامی ئەو ململانێیەی کە لە سودان بەردەوامە و ئەمەش مەترسی مردنیان لەسەرە ئەگەر لە کاتی خۆیدا چارەسەر وەرنەگرن.
قەیرانی مرۆیی لە سودان خراپتر دەبێت بەهۆی بەردەوامی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە و بەهۆیەوە دەیان هەزار کوژراو و نزیکەی ١٣ ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.
نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆچا) خراپتربوونی قەیرانی بەدخۆراکی لە سودان پشتڕاستکردەوە، کە منداڵان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبنەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێکان و بڵاوبوونەوەی ئاوارەبوون و برسێتی، هەروەها دۆخی منداڵان لە سودان لە خراپترین دۆخەکانی جیهاندا دەمێنێتەوە، ملیۆنان کەس کاریگەری توندوتیژی و پەکخستنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پەرەسەندنی پێداویستییە مرۆییەکانیان لەسەرە.
بە مەزەندەکردن ٨٢٥ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ساڵی ٢٠٢٦دا ڕووبەڕووی بەدخۆراکی توندی توند دەبنەوە، کە حاڵەتێکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیان ئەگەر چارەسەر لە کاتی خۆیدا وەرنەگیرێت، هەروەها منداڵانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ململانێ، وەک بەشێک لە دارفۆری باکوور و کۆردۆفان، بێبەشن لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و هاوکارییە مرۆییەکان، ڕووبەڕووی ڕاستیەکی
سەخت دەبنەوە کە کاریگەرییەکانی ململانێکان بەهۆی نەبوونی چاودێری و پشتیوانییەوە ئاڵۆزتر دەبن.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ڕوونیکردەوە، کە زۆرێک لە منداڵان ڕووبەڕووی کەمیی زۆری خۆراک و ئاوی خواردنەوەی پارێزراو و چاودێری تەندروستی دەبنەوە، ئەمەش مەترسی تووشبوونیان بە بەدخۆراکی و نەخۆشی زیاتر دەبێت، هەروەها توندوتیژییە بەردەوامەکان، جیابوونەوەی خێزانەکان و ئاوارەبوون، ئەوان بەرەوڕووی مەترسییەکانی پاراستن دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن و نائەمنی بەردەوامە لە سنووردارکردنی بەردەستبوونی خزمەتگوزارییەکان و توانای خێزانەکان بۆ داوای هاوکاری، لە زۆر بواردا، ئامادەبوونی مرۆیی سنووردار دەمێنێتەوە، بەمەش منداڵان بێبەشترین و بێ پاڵپشتی ڕزگارکەری ژیان دەمێننەوە.
ڕاپۆرتی پۆلێنکردنی قۆناغی یەکگرتووی ئاسایشی خۆراک (IPC) کە لە ٤ی تەمووزدا بڵاوکرایەوە، هۆشداریی داوە لە فراوانبوونی نائاسایشی خۆراک و بەردەوامبوونی برسێتی توند کە کاریگەری لەسەر ١٩.٥ ملیۆن سودانی هەبووە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو، هەروەها ئاستی بەدخۆراکی توند لە هەندێک ناوچەی باکووری دارفوردا ئاستەکانی برسێتی تێپەڕاندووە، ١٤ ناوچە لە باکووری دارفور و باشووری دارفور و باشووری پارێزگای کۆردۆفان مەترسی برسێتییان لەسەرە ئەگەر شەڕ و پێکدادانەکان زیاتر ببن و سنووردارکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و جوڵەی کەلوپەل و خەڵک بەردەوام بێت.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ١٠ی تەمووزدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە قەیرانی سودان لە ئێستادا گەورەترین قەیرانی مرۆیی جیهانە و زیاتر لە ٣٣ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری هەیە، لەنێویاندا ٢١ ملیۆن کەس پێویستیان بە خزمەتگوزاری تەندروستی هەیە.