نەتەوە یەكگرتوەكان: لوبنانییەكان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی بەپەلە هەیە

بانکی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، کاریگەریی و زیانەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان نزیکەی ٨.٥ ملیار دۆلاری ئەمریکییە و گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لوبنان لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا بەلایەنی کەمەوە بە ڕێژەی ٦.٦% کەم بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بانکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کاریگەریی هێرشەکانی ئیسرائیل لەسەر لوبنان و زیانە مادییەکانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: کاریگەریی و زیانەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان نزیکەی ٨.٥ ملیار دۆلاری ئەمریکییە، لەو ژمارەیەش زیانە مادییەکان بە تەنیا ٤.٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە و زیانە ئابوورییەکان ٥.١ ملیار دۆلار بووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی ململانێکانەوە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاستەقینەی لوبنانی لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا بەلایەنی کەمەوە بە ڕێژەی ٦.٦% کەم بووەتەوە، لە ماوەی پێنج ساڵدا بەڕێژەی لە ٣٤% بەرهەمی ناوخۆیی کەمیکردووە.

 

هاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە کاریگەرییەکانی ململانێکان لەسەر خەڵکی لوبنان کراوە، کە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، زیاتر لە ٨٧٥ هەزار کەسی ئاوارە لە ناوخۆدا هەیە، کە ژنان و منداڵ و بەساڵاچووان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتن و پەنابەران ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی دەبنەوە.

 

باس لەوەشکراوە، مەزەندە دەکرێت نزیکەی ١٦٦ هەزار کەس کارەکانیان لەدەست دابێت، ئەمەش یەکسانە بە کەمبوونەوەی داهاتی ١٦٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کەرتی نیشتەجێبوون زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، نزیکەی ١٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەشێک یان بەتەواوی زیانیان بەرکەوتووە، زیانەکان لەو کەرتەش گەیشتووەتە ٣.٢ ملیار دۆلار.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، پچڕانی کەرتی بازرگانی نزیکەی دوو ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە، کە بەشێکی بەهۆی ئاوارەبوونی کارمەندان و خاوەن کارەکانەوە بووە، هاوکات لەناوچوونی بەروبووم و ئاژەڵ و ئاوارەبوونی جووتیاران بووە هۆی زیان  لە کەرتی کشتوکاڵدا، کە نزیکەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بوو.

پێشبینی دەکرێت کە تێچووی زیانەکان و پێداویستییەکان کە لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی گشتگیرەوە دەخەڵمێنرێت زۆر زیاتر بێت لەو تێچووەی کە لە ئەم هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەدا خەمڵێندراوە.

 

هەروەها نوسینگەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە جنێڤ لە راگەیانراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی هێرشە كوشندەكانی ئیسرائیلەوە تا دێت ئاسایشی خۆراك لە لوبنان خراپتر دەبێت، تائێستا بەهۆی هێرشەكانی ئەو وڵاتەوە بۆ سەر لوبنان، ۳ هەزارو ۱ كەس كوژراون، هەروەها یەك ملیۆن و ٤۰۰ هەزار كەسیش ئاوارە بون.

 

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەیدا باسی لەوەكردوە، لەئێستادا ئەو كەسانەی دانیشتوی لوبنانن پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی بەپەلە هەیە.