نەسرین ستوودە ئەشکەنجەکانی ناو زیندانەکانی ئێرانی گێڕایەوە
لەگەڵ ئەوەی لە ئێراندا هێڵی ئینتەرنێت بە شێوەیەکی سنووردار بەردەستە، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، نەسرین ستوودە، بابەتێکی لەسەر بارودۆخی ئەو ناوەندانی دەستبەسەرکردنە بڵاوکردەوە کە لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە بەڕێوەدەبرێن.
ناوەندی هەواڵ – پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ نەسرین ستوودە، لە ڕابردوودا بەهۆی داکۆکیکردن لە زیندانیانی سیاسی، دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان، داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و ناڕەزایەتی دەربڕین دژی حیجابی زۆرەملێ، چەندین جار دەستبەسەرکراوە و زیندانی کراوە. نەسرین ستوودە، دوای گەڕانەوەی سنوورداری هێڵی ئینتەرنێت لە ئێران، وردەکارییەکانی دوایین دەستبەسەرکردنی خۆی و بارودۆخی ناوەندی دەستبەسەرکردنی سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئاشکرا کرد.
ئەم چالاکوانەی مافەکانی مرۆڤ و زیندانیی سیاسییە لەو بابەتەی کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە لە ١ی نیسانی ئەمساڵدا، ئەفسەرانی هەواڵگری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی، دەستگیریان کردووە و بردویانە بۆ ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی سەر بەو وەزارەتە. نەسرین لە درێژەی قسەکانیدا وتی، کاتێک بۆ یەکەمجار چوومە ناو ناوەندی دەستبەسەرکردنەکە، دەست و قاچیان بەستامەوە و بەهۆی سەرپۆشە زۆرەملێیەکەمەوە لێیان دام. لە ڕۆژانی دواییدا، قاچەکانم شین بوونەوە و بەهۆی ئەو لەزگەیەی کە دابوویان لە دەمم، برین دروست بوو،
لێدان و دانپێدانانی زۆرەملێ
سەبارەت بە دۆخی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنیش، نەسرین ئاماژەی بەوە کردووە کە مەرجەکانی ناوەندەکە دڕندانە و نامرۆڤانە بوون و وتی، خواردنەی دەدرا بە ئێمە شیاوی خواردن نەبوو. لێدان و دانپێدانانی زۆرەملێ شتێکی زۆر باو بوو، ئازادکردنی خەڵکیش بەند بوو بە تۆمارکردنی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێوە.
نەسرین ڕایگەیاند کە لە ٢٣ی ئایاردا بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە، و دوای ئەوەی دۆسیەیەکی نوێی بۆ کراوەتەوە، دووبارە ئازادییەکەی بەدەستهێناوەتەوە. ئەو وتی: من بەهۆی ئەو کەسانەوە ئازادبووم کە هەمیشە سەرنجیان لەسەر زیندانیانی سیاسییە لە ئێران. سوپاس بۆ زۆرێک لە هاوڕێکانمان لە سەرانسەری جیهان... لە ئێرانییەکانەوە تا غەیرە ئێرانییەکان؛ سوپاس بۆ هەر کەسێک کە نیگەرانە لەو ڕاستییەی کە ئەو مرۆڤانەی تەنیا دەیانەوێت ژیانێکی ئاسایی و بەڕێز بژین، دەبێت هەمیشە باجەکەی بدەن. ئەم نیگەرانی و پشتیوانییە هێزی پێبەخشیم؛ کاتێک لە ناوەندی دەستبەسەرکردنەکەدا دەنگی ئەشکەنجە و لێدانم دەبیست، دەمتوانی بە دەنگی بەرز ناڕەزایەتی خۆم دەربڕم. ئەمە ئەرکێکی مرۆیی بوو