نێرگس محەمەدی: شۆڕشی"ژن ژیان ئازادی" بەردەوامە

نێرگس محەمەدی ڕایگەیاند،شۆڕشی"ژن ژیان ئازادی" هێشتا زیندووە و گوڕانکارییەکی گەورەیان لە کۆمەڵگەدا خوڵقاندووە، کە لە ئەنجامی هێز و خۆڕاگری خەڵک و ژنانە، هەروەها زیندوویەتی شۆڕشەکە لە دەماری کۆمەڵگەدا دەبینرێت

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی زیندانی سیاسیی و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئینتەرناشناڵ لەبارەی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” بۆچوون و هەڵویستەکانى خۆی خستەڕوو ڕایگەیاند، شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” هێشتا زیندووە و گوڕانکارییەکی گەورەیان لە کۆمەڵگەدا خوڵقاندووە، کە لە ئەنجامی هێز و خۆڕاگری خەڵک و ژنانە، هەروەها زیندوویەتی شۆڕشەکە لە دەماری کۆمەڵگەدا دەبینرێت.

 

وتیشی: مەرج نییە هاوڵاتییان بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکان بن و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بە شێوازێکی دیکە کاردانەوەکان بەرامبەر دەسەڵات نیشان دەدەن و شۆڕشەکە بەردەوامی هەیە.

 

نێرگس  محەمەدی چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێران جەختی لەوە کردەوە، متمانەی ڕژێمی ئێرانی کەم بووەتەوە و دەسەڵاتەکەی لاواز بووە، بوونی ژنانی بێ باڵاپۆش نموونەیەکە لە دەرخستنی لاوازی حکومەت لە بەڕێوەبردندا.

 

جێگای ئاماژەیە، لە ١٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ژینا ئەمینی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری تاران پایتەختی ئێران بەبیانووی پابەندنەبوونی بە باڵاپۆشی لە لایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناوئەخلاق بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستگیر کرا و بەهۆی ئەشکەنجەدانی زۆری جەستەیی لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی کەسرای شارەکە خەوێندراوە و کەوتە بێهۆشییەوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا.

 

دوای ئەو ڕووداوە لەسەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپەرینی شؤڕشی “ژن ژیان ئازادی” سەریهەڵدا و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە.