نێرگس محەمەدی سەبارەت بە دۆخی وریشە مورادی و زەینەب جەلالیان هۆشداری دەدات
نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پلاتفۆرمی پالس میدیا سەبارەت بە دۆخی نالەباری زیندانیانی سیاسی وریشە مورادی و زەینەب جەلالیان و چەند زیندانییەکی سیاسی دیکە هۆشداری دا.

ناوەندی هەواڵ
نێرگس محەمەدی چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پلاتفۆرمی پالس میدیا، بە ڕاشکاوی کۆماری ئیسلامیی بە "تاوانبار دژی کەرامەتی مرۆڤ" ناوبرد و سەبارەت بە بارودۆخی مەترسیداری وریشە مورادی، چالاکی مافی ژنان و زیندانی سیاسی کە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، هۆشداری دا بۆ زیندانی هەتاهەتایی، ڕاحێلە ڕاحمیپوور، مەهوەش سابێت، و فاتمە سپێهری، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی پزیشکی ئەو زیندانیانە بگرێتەبەر.
نێرگس محەمەدی کە ئێستا لە مۆڵەتی کاتیدایە، بابەتەکانی وەک ئەزموونەکانی لە زیندان، دیدگای خۆی بۆ ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" و تەحەددیاتی بەردەم ئۆپۆزسیۆن، سەرکوتی ژنان، دۆخی زیندانیانی سیاسی و داهاتووی ئێرانی تاوتوێ کرد.
بەرخۆدانی ژنان و دۆخی نالەباری زیندانیان
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی باسەکەی نێرگس محەمەدی، ڕۆڵی ژنان بوو لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا. نێرگس محەمەدی ستایشی ئازایەتی ژنانی زیندانیکراوی کرد و باسی کەسانێکی وەک وریشە مورادی، زەینەب جەلالیان، مەهوەش سابێت و فاتمە سپێهری کرد.
ناوبراو ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری وریشە مورادی چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسی کورد کە بە لە سێدارەدان مەحکووم کراوە، کە بە هۆی تەقەمەنی برینەکانی لە شەڕی دژ بە داعش تووشی خوێنبەربوونی نێوخۆیی بووە و لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری بێبەش بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پزیشکەکە دەڵێت کە لانیکەم پێویستی بە شەش مانگ لە دەرەوەی زیندان هەیە بۆ ئەوەی دوای نەشتەرگەرییەکە دەستی بە چاودێری پزیشکی و ڕاهێنان بگات. ڕوونیشیکردەوە، وریشە مورادی بەهۆی مانەوەی چەقۆ لە برینەکانی لەکاتی شەڕی داعشدا بەدەست خوێنبەربوونی ناوەوە دەناڵێنێت و ڕێگەی پێنادرێت چارەسەری پێویست وەربگرێت.
هەروەها نێرگس محەمەدی هۆشداریشیدا لەوەی زەینەب جەلالیان، زیندانییەکی دیکەی سیاسییە، بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە، مەترسی لەدەستدانی بینایی چاوی لەسەرە.
نێرگس محەمەدی ئەم بێبەشکردنانەی بە نموونەی "تاوان" لە دژی زیندانیان ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی زیندان بە شێوەیەکی سیستماتیکی چاودێری پزیشکی بۆ زیندانیانی سیاسی ڕەتدەکەنەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دان بە هەڵاواردن بەرامبەر ژنانی زیندانیان لە ئێراندا بنێن و ڕێوشوێنی خێرا بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان بگرنەبەر.
براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هەروەها هۆشداریدا لەوەی فاتمە سپێهری و ڕاحێلە ڕاحمیپوور بەهۆی نەخۆشییە سەختەکان و وەرەمی مێشکەوە بەڕیز باری تەندروستییان ناجێگیرە.
نێرگس محەمەدی هەروەها ئاماژەی بە زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە زیندانیانی ژن لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا کرد و وتی: شایەتحاڵی هەراسانکردنی جەستەیی و لێدانی ژنە زیندانییەکان بووم و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەڵاواردن لە دژی ژنانی ئێرانی بە تاوان بزانن.
نێرگز محەمەدی لەم چاوپێکەوتنەدا کۆماری ئیسلامیی بە هۆی پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ، سەرکوتی ژنان و توندوتیژی بەرامبەر بە زیندانیانی سیاسی شەرمەزار کرد و وتی: کۆماری ئیسلامی بە تاوانبار دەزانم، تاوانێکی دژ بە کەرامەتی مرۆڤ کە هەرگیز لێی خۆش نابێت.