نێرگس محەمەدی پەیامێك ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات وداوای لێکۆڵینەوە دەکات

نێرگس محەمەدی ڕایگەیاند، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم لێکۆڵینەوەی تایبەت لە لەسێدارەدان و بێسەروشوێن کردنی نەیارانی ئێران بکات، دەشڵێت، ئێران ژیانی زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات خستووەتە مەترسییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نێرگس محەمەدی، زیندانیی سیاسیی ئێران و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی سەبارەت بە لەسێدارەدان و کوشتن و بێسەروشوێن کردنی نەیارانی ئێران پەیامێكی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردو ڕایگەیاند، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم لێکۆڵینەوەی تایبەت لە لەسێدارەدان و کوشتن و بێسەروشوێن کردنی نەیارانی ئێران لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسیی ئێرانی بە ناوی مەسیح عەلی نەژاد لە ئەمریکا داوەو ئەوەش سەركوتكاری ئەو وڵاتە دەردەخات.

 

لە نامەکەدا هاتووە: ئێران لە سەرەتای دامەزراندنییەوە نەک تەنها هەزاران زیندانی سیاسی بە سزای لەسێدارەدانی نامرۆڤانە، دڕندانە و سووکایەتی پێکراو لە سێدارە داوە، بەڵکو ژیانی زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات خستووەتە مەترسییەوە.

 

نێرگس محەمەدی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانیی ئێڤییندایە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی دیكەی زیندانییکردن سزا درایەوە.