نێرگس محەمەدی لە چاودێری چڕدایە

نێرگس محەمەدی لە زیندانی زەنجان تووشی جەڵدەی دڵ بووە و ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکان کراوە، پارێزەرەکەی ڕایگەیاندووە، بڕیاری داواکاری گشتی تاران بۆ مانەوەی نێرگس لە نەخۆشخانەی زەنجان پێچەوانەی یاساکانە.

ناوەندی هەواڵ

 

دامەزراوەی نێرگس محەمەدی زیندانیی سیاسیی ئێران، دەربارەی بارودۆخی نێرگس ڕایگەیاندووە، ڕۆژی ڕابردوو نێرگس محەمەدی لە زیندانی زەنجان لە دوای  بێهۆشبوونی، تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بۆ نەخۆشخانەیەکی شارەکە گواستراوەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشداوە، بارودۆخی تەندرووستی نێرگس محەمەدی ناجێگیرە و لە بەشی چاودێری چڕدایە.

 

هاوکات، مستەفا نیلی پارێزەری نێرگس محەمەدی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی”ئێکس” نووسیویەتی، گواستنەوەی نێرگس محەمەدی بۆ زیندانی زەنجان پێچەوانەی یاساکان بووە، هەروەها داواکاری گشتیی تاران فەرمانی چارەسەرکردنی لە نەخۆشخانەکانی زەنجان دەرکردووە، کە پێچەوانەی یاساکانی پزیشکی دادوەری و پسپۆڕانە لەکاتێکدا پێویستە لە نەخۆشخانەکانی تاران چارەسەر وەربگرێت.

 

باسی لەوەشکرد، پزیشکی دادی زەنجان داوایکردووە نێرگس محەمەدی بۆ ماوەی مانگێک لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە، بەڵام داواکاری گشتی زەنجان ڕەتیکردووەتەوە.

 

پێشتر بنەماڵەی نێرگس محەمەدی هۆشداری دابوو، دۆخی تەندرووستی نێرگس گەیشتووەتە قۆناغی ژیان و مردن، سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکی دادوەری بۆ ڕاگرتنی سزاکە و وەرگرتنی چارەسەری خێرا، دەسەڵاتدارانی دادوەری ڕێگرییان لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە پزیشکییە تایبەتمەندەکان کردووە.

 

نێرگس محەمەدی بە یەکێک لە دیارترین داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا وەک ڕێزلێنانێک بۆ خەبات دژی سزای لەسێدارەدان و داکۆکیکردنی بەردەوامی بۆ مافەکانی ژنان.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ـدا دەسەڵاتداران بە هۆکاری تەندروستی دوای نەشتەرگەری لابردنی وەرەمێک بە شێوەیەکی کاتی ئازادیان کرد، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ـدا گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.

 

جێگای ئاماژەیە، بە تۆمەتی “ڕێکخستن و پیلانگێڕی”، دادگا سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە، ئەمە جگە لەوەی ساڵ و نیوێک بە تۆمەتی “بڵاوکردنەوەی دەنگۆ”، لەگەڵ قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ سزا دراوە.