"پرسی ژنان لەناو یەکێتیدا ڕووی لە پاشەکشە کردووە" 

لە کۆڕێکدا د.دڵپاک تاهیر، مامۆستای زانکۆ ڕەخنەی لە گرنگیپێدان و هاندانی ژنان گرت و وتی: لە ئێستادا مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ژناندا لەناو یەکێتی ڕووی لە پاشەکشەکردووە و هاندانی ژنان نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ساڵۆنی کوردستانی نوێ لە شاری سلێمانی، بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژن لە ڕیزەکانی یەکێتی لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا" کۆڕێک بۆ ڕاگەیاندکار و مامۆستای زانکۆ 'د.دڵپاک تاهیر' بەڕوەچوو.

 

لە کۆڕەکەدا د.دڵپاک تاهیر ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای ڕاپەڕینەوە مام جەلال بڕوای بە توانا و پێگەی ژن هەبوو لە کاری سیاسییدا و ئەوکات ئەستێرەی ژنان درەوشاوەتر بوو بەراورد بە ئێستا و دەرفەتەکانی کارکردن زۆر واڵاتربوون، هەمیشە داواکارییەکانیانی جێبەجێ دەکرد، بەوەش وای لە ژنان دەکرد متمانەیان بەخۆیان هەبێت.

 

لە درێژەی کۆڕبەندەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە دوای کۆچی دوایی ئەو سەرکردەیەوە مامەڵەکان لەگەڵ پرسی ژناندا ڕووی لە پاشەکشە کردووە، ئەو دەرگایانە لەلایەن یەکیتییەوە دانەخراوە، بەڵام هاندانی ژنان نییە تا بێتە پێشەوە.

 

باسی لەوەشکرد، ڕۆڵی بزاوتی  فێمینیستی لە باشووری کوردستاندا بەشێوەیەکی زۆر مەترسیدار لە داکشان و پاشەکشەدایە، وێڕای بەربەستە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان، ئەمڕۆ کەسانێک بە ئاشکرا لە سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیاوە کار لەسەر ئەوە دەکەن جارێکی دیکە ژن بەرنەوە بۆناو کونجی ماڵەکان، جگە لەوەش کەسانێک بە ئەجێندای دەرەکییەوە هاتوونەتە کوردستان و کار لەسەر ئەوە دەکەن پێگەی ژن لاواز بکەن و نەهێڵن ژن بێتە بوارەکانی خەباتی سیاسییەوە، چونکە باش دەزانن ئەوەی دەتوانێت گۆڕانکاریی بکات ژنە، بۆیە ئەم رێگرییانە دروست دەکرێت لە بەردەم ژنانی باشووردا.

 

د.دڵپاک تاهیر، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ڕابردوودا بینراوە داخستنی سەنتەرەکانی جێندەرە ئەوەش لە ژێر فشاری ئەو دەنگە نەشازانەدا و وتی: ئێستا دەنگیان بەرزکردووەتەوە کە سەنتەرەکانی جێندەر دابخرێت، کە دامودەزگایەکی حکومییە و بەشێکە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دیارە لەوێوە دەست بۆ بابەتی دیکەش دەبەن وەک بابەتی کارکردن و چەندینی دیکە.