ناڕەزایەتییەکان لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین زیاتر دەبن

گواستنەوەی نزیکەی ٦٠ زیندانیی ژن لە زیندانی قەرچەکەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین، بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەهۆی چڕی زیندانیان و کەمیی شوێن، دواتر بەهۆی دەستوەردانی پاسەوانانی زیندانەکەوە گرژی لێکەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەرانا، ڕۆژی ١٢ی تەمووز کۆمەڵێک ژن کە بەهۆی تاوانی داراییەوە سزادراون، لە زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ زیندانی ئێڤین گواستراونەتەوە، ئەم گواستنەوەیە لە کاتێکدایە کە پێشتریش بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین بەدەست کەمیی شوێنی مانەوە و چڕیی زیندانینانەوە دەیناڵاند. بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا زۆربەی ئەو زیندانییە نوێیانە چوونەتە ناو بەشەکەوە و ژمارەیەکی دیکەشیان لە کەرەنتینەدا هێڵدراونەتەوە، ئەمەش دۆخی مانەوەی ناو زیندانکەی خراپتر کردووە و بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی، ئاڵۆزی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی توندی ژنانی ڕاگیراو لەو بەشەدا.

 

دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان

لە وەڵامی ئەم ناڕەزایەتییانەدا، پاسەوانەکانی زیندانەکە چوونەتە ناو بەشەکە و دەستیان بە هەڕەشەکردن لە زیندانیان کردووە، لەوانەش هەڕەشەی جیاکردنەوەی ئەو زیندانیانەی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە لە زیندانیانی دیکە، زانراوە زیندانییەک بە ناوی "مەهسا نووری" بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم دۆخە، وەک سزایەک ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڵێنەکانی بەرپرسانی زیندانکە بۆ چاککردنی دۆخەکە جێبەجێ نەکراون.

 

مەترسییەکانی سەر ژیانی زیندانیان

شایەنی باسه، بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین شوێنی ڕاگرتنی دەیان زیندانی سیاسی و ئەمنییە بە هاوڕێیەتی منداڵ. گواستنەوەی زیندانی نوێ بۆ ئەم بەشە، نیگەرانییەکان و هۆشدارییەکانی لەسەر کەمبوونەوەی پشکی بۆشایی هەر زیندانییەک و تێکچوونی زیاتری دۆخی تەندروستی و گوزەرانی ئەوان زیاتر کردووە.

 

چڕی و قەرەباڵغی زۆری زیندانیان یەکێکە لە کێشە درێژخایەنەکانی ناو زیندانکان، کە جگە لە کەمکردنەوەی شوێنی ستاندارد، دەبێتە هۆی سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستی و خۆشگوزەرانییەکان، فشاری دەروونی و جەستەیی سەر زیندانیان دوو هێندە دەکات.

 

فشارخستنەسەر ژیانی زیندانیانی بەشی ژنی زیندانی ئێڤین

ئەم ئاڵۆزی و قەرەباڵغییە لە کاتێکدایە کە فشارەکان لەسەر زیندانیانی سیاسی ناو ئەم بەشە بەردەوامە، یەکێک لە دیارترین بەندکراوەکانی ئەم بەشە، چالاکوانی سیاسی و بواری مافی ژنان وریشە مورادییە، کە لە ئابی ٢٠٢٣ەوە دەستبەسەرە، مورادی پێشتر بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو، بەڵام لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دیوانی باڵا سزاکەی هەڵوەشاندەوە.

 

مورادی ڕۆژی ١١ی تەمووز بەهۆی ڕەوایەتی نەدان بە دادگا، ئامادە نەبوو لە دانیشتنی دادگاییکردنەوەیدا لە بەردەم دادوەر ئامادە بێت، بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەویش هاوشێوەی زیندانیانی دیکە چەندین جار لە مافە سەرەتاییەکانی وەک چارەسەری پزیشکی و پەیوەندی بەستن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.