ناڕەزایەتییەکان دژ بە سزای لەسێدارەدان بەردەوامی هەیە
هەڵمەتی ناڕەزاییەتییەكان دژ بە سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا، ژنانی زیندانی ئێڤین پشتیوانی خۆیان بۆ زیندانیانی سیاسی دووپات کردەوە.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٢٧ی ئایار، ژمارەیەک لە چالاکوانان، ئازادیخوازان و کەسوکاری زیندانیانی سیاسیی و نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا بە درووشمی”نەخێر بۆ لەسێدارەدان” پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان”دەربڕی و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەکەن.
هاوکات، ژنانی زیندانی ئێڤین بە درووشمی “ناڕازی” پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە و زیندانیانی سیاسیی دووپات کردەوە و بە دەنگی بەرز ناوی زیندانیانی سیاسیی سزادراویان بە سزای لەسێدارەدان خوێندەوە.
بەپێی زانیاریی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا ١٧٠ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارەدراون، هەروەها هەڵمەتەکە بووەتە سیمبولی بەرگری و ناڕەزایی و هاوسۆزی نەتەوەیی دژ بە سیاسەتی سزای لەسێدارەدان.