ناموس؛ زنجیرەی نهێنی پیاوسالاری
لە ڕەگ و ڕیشەی مێژووییەوە بۆ چەوساندنەوەی سیستماتیک، پێکهاتە پیاوسالارییەکان ئازادی ژنانیان سنووردار کردووە و بەرخۆدانیان لە قاڵب داوە.
ئاڤزەم ڤیان
چەمکی"شەرەف" و پێکهاتەی پیاوسالاری دوو توخمە سەرەکییەکانی پێکهێنانی کۆمەڵگە پیاوسالارییەکانن کە کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر ژیان و ئازادی ژنان هەبووە. ئەم چەمکانە وەک ئامڕازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ژنان بەردەوامن، نەک تەنها لە مێژوودا، بەڵکو لە جیهانی هاوچەرخیشدا.
وشەی "ناموس" لە یۆنانی νόμος (نۆمۆس)ەوە هاتووە، بە واتای یاسا و ڕێسا، لە سەردەمی کۆندا ئەم وشەیە زیاتر ئاماژەی بە چەمکی یاسای سروشتی و کۆمەڵایەتی دەکرد، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و چوونە ناو زمانە جیاوازەکانەوە، مانای گۆڕانی بەسەردا هات. لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات و بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە ئەم دەستەواژەیە بوو بە کەرەستەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستە و کەرامەتی ژنان و پەیوەست بوو بە چەمکەکانی وەک پاکیزەیی و پاکی و شەرەفی خێزانییەوە. بەم شێوەیە ژنان نەک وەک مرۆڤی سەربەخۆ، بەڵکو وەک هێمای شەرەفی پیاوان و بنەماڵە پێشکەش کران. ئەم گۆڕانکارییە ماناسازییە لە چوارچێوەی کولتوورە پیاوسالارەکاندا ڕوویدا، کە ژنان نە مافی بڕیاردانی سەربەخۆیان هەبووە و نە کۆنترۆڵی جەستەی خۆیانیان هەبووە.
پیاوسالاری لە ئاستی جیهانیدا بە شێوەی جۆراوجۆر خۆی دەرخستووە. ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتییە کە دەسەڵات و ئیمتیازات بە زۆری لە دەستی پیاودایە، لەسەر بنەمای ئەو بیروباوەڕانە دامەزراوە کە ڕۆڵی جێندەری چەسپاندووە. پیاوسالاری لە ڕێگەی دامەزراوەکانی وەک خێزان، پەروەردە، ئابووری و سیاسەتەوە بەرهەم دێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان بخرێنە پۆستی ژێردەستەوە.
لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوادا، هەرچەندە پێشکەوتنی یاسایی و کۆمەڵایەتی زۆر بەرەو یەکسانی جێندەری هاتۆتە ئاراوە، بەڵام هێشتا نایەکسانییەکی بەرچاو هەیە، بۆ نموونە جیاوازی موچەی نێوان ژنان و پیاوان بەردەوامە و توندوتیژی دژی ژنان لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کێشەیەکی جیددییە، هەروەها ئەو کولتوورە ڕەگەزییانەی کە ژنان لە ڕۆڵی نەریتیدا سنووردار دەکەن، هێشتا لە ڕاگەیاندن و سیاسەتدا دەبیندرێن.
پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لەو ناوچانەی کە پیاوسالاری بە قووڵی لەگەڵ ئایین و نەریت و سیاسەتدا تێکەڵ بووە. لەم هەرێمەدا پێکهاتەکانی حکومەت و سیستمی دادوەری و کولتووری گشتی بە شێوەیەک داڕێژراون کە ژنان لە پۆستێکی ژێردەستەدا بمێننەوە، یاسا توندەکان سەبارەت بە مافەکانی ژنان، لەوانەش یاسای هاوسەرگیری، جیابوونەوە، میرات و جل و بەرگ، ڕەنگدانەوەی ئەم پێکهاتە پیاوسالارییەن.
بۆ نمونە لە عەرەبستانی سعودیە تەنیا چەند ساڵێک لەمەوبەر ژنان بۆیان نەبووە شۆفێری بکەن و تا ئێستاش لە زۆر لایەنی ژیانیاندا پێویستیان بە مۆڵەتی پیاوان هەیە، لە ئەفغانستان لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تاڵیبان، ژنان لە زۆرێک لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کراون، لەوانە خوێندن و کارکردن، لە هەندێک وڵاتی تردا یاساکانی تایبەت بە کوشتنی شەرەف و هاوسەرگیری منداڵان ڕەنگدانەوەی هەژموونی کولتوورە شەرەف و پیاوسالارییەکانە بەسەر ژیانی ژناندا.
لە ئێراندا پیاوسالاری نەک تەنیا لە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، بەڵکو لە یاسا و سیاسەتەکانی حکومەتیشدا چەسپاوە. دەوڵەتی نێر (دەوڵەتی پیاوسالاری) لە ڕێگەی یاسادانان و چەوساندنەوەی سیستماتیکەوە کۆنترۆڵی جەستە و ژیانی ژنان دەکات، یاساکانی تایبەت بە حیجابی ناچاری، سنووردارکردنی مافی جیابوونەوە، جیاکاری لە میرات و وتەدان لە دادگادا نموونەی ئەم میکانیزمە سەرکوتکەرانەن.
ناڕەزایەتی ژنان لە دژی ئەم یاسایانە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، ڕەنگدانەوەی بەرخۆدانیان بەرامبەر بە پێکهاتە پیاوسالارییەکانە، بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە وەڵامی سەرکوتی حکومەتدا پێکهاتووە، هێمای خەباتی ژنانە بۆ ڕزگاربوون لەم کۆنتڕۆڵە زۆرەملێیە، بەڵام وەڵامدانەوەی حکومەت بۆ ئەم بزووتنەوەیانە بەزۆری بە توندوتیژی و گرتن و سەرکوتکردن بەرەوڕوو بووەتەوە.
ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژنان
لە ساڵانی ڕابردوودا ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆنترۆڵی سەر ژنانیان چڕتر کردووەتەوە، ئیسلامیزمی ڕادیکاڵ و ناسیۆنالیزمی پیاوسالاری دوو نموونەی ئەم ئایدۆلۆژیایانەن کە بە شێوەی جۆراوجۆر کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان داناوە.
گروپەکانی وەک داعش و تاڵیبان بە سوود وەرگرتن لە پاساوی ئایینی ژنانیان لە مافە سەرەتاییەکان زەوت کردووە و لە ڕۆڵی نەریتیدا بەرتەسکیان کردووەتەوە، لە هەندێک وڵاتدا ناسیۆنالیزمی پیاوسالاری، جەختکردنەوە لەسەر بنەماڵە وەک بناغەی کۆمەڵگە، ژنانی لە ڕۆڵی خاوەن ماڵ و دایکدا سنووردار کردووە، لە ئێراندا کوشتنی زنجیرەیی ژنان و سەرکوتی توندی چالاکانی مافی ژنان نیشانەی بەردەوامیی ئەم سیستمە چەوساندنەوەیە، لە ئەفغانستان قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە، ملیۆنان کچی لە خوێندن بێبەش کردووە. لە سوریا لەگەڵ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی گروپە جیهادییەکان، هەلی کار بۆ ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و بەشێکی زۆریان ناچاربوون شوێنی کار بەجێبهێڵن. لە عێراق دەرکردنی یاسای باری کەسایەتی کە ڕێگە بە هاوسەرگیری منداڵ دەدات هەنگاوێکی دیکەیە بۆ لاوازکردنی مافەکانی ژنان و زیادکردنی هاوسەرگیری منداڵان. لە هەرێمی کوردستان بەردەوام کوشتنی شەرەف وەک قەیرانێک بەردەوامە. لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی کوشتنی ژنان بە بیانووی پاراستنی "شەرەفی خێزان" ڕاپۆرت کراوە. زۆرێک لەو تاوانانە یان بەبێ لێپێچینەوەیەکی جددی ڕۆیشتوون یان تاوانباران ڕووبەڕووی سزای سووک بوونەتەوە. هەروەها ژنانی قوربانی توندوتیژی و دەستدرێژی زۆرجارپشتیوانی یاسایی و کۆمەڵایەتی لێناکرێت. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار باسیان لە زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و جێبەجێنەکردنی یاساکانی پارێزەر کردووە و ڕەخنەیان گرتووە.
چەمکی شەرەف و پێکهاتەی پیاوسالاری وەک یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم ئازادی ژنان لە جیهاندا، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تایبەتی کوردستان دا دەمێنێتەوە، ئەم پێکهاتانە نەک هەر ڕێگریان لە بەدیهاتنی یەکسانی جێندەری کردووە، بەڵکو ژنانی بەرەوڕووی توندوتیژی و هەڵاواردنی بەرفراوان کردووەتەوە. بەڵام خەباتی ژنان بۆ مافەکانی خۆیان، لە بزووتنەوە فێمینیستەکانی ڕۆژئاواوە تا بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیرادەی ئەوان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە نیشان دەدات. ئایندەیەکی یەکسان مومکینە، بەڵام تەنها ئەگەر ئەو پێکهاتە ستەمکارانە بخرێنە بەر تەحەدا و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان بەهێزتر بکرێن.