ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە کاتی کۆچکردندا گیانیان لەدەستداوە لە زیادبووندایە

ژنانی ڕۆژئاوای ئەفریقا بە چەند هۆکارێک کۆچ دەکەن بۆ ئەوروپا، لەوانە شەڕ، ململانێ، هەژاری و توندوتیژی، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە کاتی کۆچکردندا گیانیان لەدەستداوە لە زیادبووندایە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٨ی ئایاردا بەهۆی ڕووداوێکی بەلەم لە کەناراوەکانی دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا، حەوت ژن و منداڵ گیانیان لەدەستدا، زۆربەی ئەو ١٤٥ کەسەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کە تەنها مەترێک لە بەندەری لاریستینگاوە وەرگەڕاوە، ڕزگارکراون. تەرمی ئەو ژن و منداڵانە لە سێ گۆڕستانی جیاوازدا بەخاک سپێردراون.

 

ڕووداوی بەلەمەکە لە کەناراوەکانی ئێل هییرو لە دوورگەکانی کەناری تیشکی خستەسەر زیادبوونی ژمارەی ئەو ژنە کۆچبەرانەی کە دەریا بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و ئەو مەترسییە کوشندانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

١٥%یان ژنن

لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەی ئەو ژنانەی کە ڕۆژئاوای ئەفریقا بەجێدەهێڵن، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەگوێرەی ئاماری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، ململانێ چەکدارییەکان و خراپتربوونی هەژاری بە تایبەتی لە ناوچەی کەناری (بورکینا فاسۆ، مالی و نیجەر)، ملیۆنان کەس ناچار دەکەن کۆچ بکەن، ژنانیش پێشەنگی کۆچکردنەکەن.

 

بەپێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی یارمەتیدانی پەنابەرانی ئیسپانیا، ژنان نزیکەی ١٥%ی ئەو کۆچبەرە نائاساییانەی کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەگەنە دوورگەکانی کەناری پێکدەهێنن.

 

خوان کارلۆس لۆرێنزۆ، ڕێکخەری ناوەندی CEAR لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی(گاردیان)ی بەریتانی ڕایگەیاند، ژنان چیتر ئەکتەر نین لە پرۆسەی کۆچکردندا، بەڵکو بڕیاردەرن، ئەو مۆدێلەی کە پیاوان تێیدا کۆچیان کرد و ژنیش دواتر پەیوەندییان پێوە کرد، لە گۆڕاندایە؛ ئێستا ژنان ئەم گەشتە مەترسیدارە لەگەڵ منداڵەکانیان بە تەنیا یان لەگەڵ ژنانی تر ئەنجام دەدەن.

 

هەڵهاتن لە فشارە کۆمەڵایەتییەکان

ڕێوشوێنەکانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە پەڕینەوەکانی دەریای ناوەڕاست، زۆرێک لە کۆچبەرانی ئەودیوی زەریای ئەتڵەسی بەرەو دوورگەکانی کەناری لابردووە، ئێل هییرو لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە ٢٠ هەزار کۆچبەری وەرگرتووە، کە ژمارەیەکی زۆرە، لە ژمارەی دانیشتوانی دوورگەکە زیاترە.

 

ئەم پەڕینەوەیە بە یەکێک لە مەترسیدارترین پەڕینەوەکان بۆ ئەوروپا ناسراوە، درێژە و قورسە و مەترسی مردنی زۆری لەسەرە، بەڵام بۆ ژنان ئەم ڕێگایە بووەتە ئامرازێک بۆ دەربازبوون نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە گۆشەگیری کۆمەڵایەتی و توندوتیژی سێکسی و هاوسەرگیری زۆرەملێ و خەتەنەکردنی مێینە.