ململانێی ئایدۆلۆژیاکان ئاڕاستەکردنی منداڵان بەرەو کوێ؟
لەگەڵ دەستپێکردنی پشووی خوێندن تەوژمە فیکری و سیاسییە دژبەیەکەکانی باشووری کوردستان خولە هاوینەکان وەک کەرەستەیەکی سەرەکی بۆ کێشبڕکێ و ئاڕاستەکردنی نەوەی نوێ بەکاردەهێنن ئەمەش گەنجانی کوردی لە نێوان ناسنامەی ڕەسەن و جیهانگیریدا ڕووبەڕوو کردۆتەوە.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_ پرسی پەروەردەی ئاینی لە باشووری کوردستان لە دەیەکانی ڕابردوودا لە چوارچێوەیەکی نەریتی و خێزانییەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە بۆ ململانێیەکی سارد بەڵام قووڵی ئایدۆلۆژی لە نێوان دەزگا فەمیەکانی حکومەت و تەوژمە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیدا لە کاتێکدا کە وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامی پەروەردەی ئیسلامی لە ناوەندەکانی خوێندندا جێگیر کردووە بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین مزگەوتەکان و ناوەندە ئاینییە ئەهلییەکان دەبنە جێگرەوەی قوتابخانەکان لە ڕێگەی کەمپین و خولی هاوینە بۆ منداڵان ئەم گۆڕانکارییە تەنیا گواستنەوەی شوێنی خوێندن نییە بەڵکو گۆڕینی فەلسەفەی پەروەردەیە لە سیستەمێکی نیشتمانییەوە بۆ ژینگەیەکی حزبی و ئایدۆلۆژی کە ئامانجی قووڵی لەپشتەوەیە.
ئاین وەک ئامرازی کۆنترۆڵکردنی منداڵ
لەکاتێکدا ئاین لە جەوهەری خۆیدا سیستمێکی ڕۆحی و ڕەوشتییە چاکەکارییە بەڵام لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستاندا بەشێکی زۆری خولە هاوینەکان واتا ڕۆحییەکە دەگۆڕن بۆ مۆدێلێکی کۆنترۆڵی ڕەفتاری و فیکری توند، لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەمکەکانی وەک شەرم و حەرام و سزا و پاداشتی دواڕۆژ بە زمانێکی توند و ترسێنەر فۆرمێک لە دڵەڕاوکێی دەروونی قووڵ لە لای منداڵ دروست دەکرێت، ئەم پرۆسەیە لە دەروونناسیی پەروەردەییدا بە دزەکردنە ناو سۆزی منداڵ دادەنرێت، چونکە منداڵ لە تەمەنێکی پێشوەختەدا کە هێشتا مێشکی توانای جیاکردنەوەی چەمکە فەلسەفییەکانی نییە هان دەدرێت جیهان دابەش بکات بۆ دوو بەرەی ڕەها، باوەڕدار و بێباوەڕ پاک و گڵاو ڕێگەی بەهەشت و دۆزەخ، ئەم جۆرە پەروەردەیە کە لەسەر بنەمای ترس پایەدار دەکرێت توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە منداڵ دەکوژێت و دەیکاتە بوونەوەرێکی گوێڕایەڵ کە بە ئاسانی لە داهاتوودا لەلایەن گروپە ئایدۆلۆژییەکانەوە ئاڕاستە دەکرێت، کۆنترۆڵکردنی منداڵ لێرەوە دەستپێدەکات، کاتێک گومانکردن و پرسیارکردنی زانستی دەبنە گوناه و ڕادفەستبوونی کوێرانە دەبێتە تاکە پێوەری ڕەوشت بەرزی و باوەڕداری ڕاستەقینە، بەم شێوەیە منداڵەکە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی گەورەتر دادەبڕێت و تەنیا لەناو بازنەیەکی تەسکی فیکریدا قەتیس دەکرێت، کە دواجار دەبێتە هۆی ئەوەی کەسایەتییەکی شەرمن یان توندوتیژ لە ڕووی فیکرییەوە لەناو کۆمەڵگەدا گەشە بکات.
سیستمی باڵادەست و ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستان
باشووری کوردستان بەدەست جۆرێک لە دووئیدارەیی و دابەشبوونی دەسەڵاتەوە دەناڵێنێت کە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر جەمسەرگیرییە فیکری و سیاسییەکانی ناوچەکە هەیە، لە لایەکەوە سیستمی باڵادەستی حوکمرانی و کایەی سیاسی باڵادەست وەک هێزی فەرمی یان نیشتمانی کۆنترۆڵی جومگەکانی دەسەڵات و داراییان کردووە، بەڵام لەبەرامبەردا جۆرێک لە ڕێککەوتنی بێدەنگ و بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان ئەوان و تەوژمە ئیسلامییەکاندا هەیە، دەسەڵاتی سیاسی بۆ پاراستنی پێگەی خۆی و ڕێگریکردن لە تەقینەوەی توڕەیی کۆمەڵایەتی یان دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە پانتاییەکی فراوانی داوە بە ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەت، بۆ کۆنترۆڵکردنی کایەی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بەمەش جۆرێک لە هاوسەنگی دروست دەکەن کە تێیدا حوکمڕانی بۆ دەسەڵاتی سیاسی بێت و شەقام و کلتور بۆ ئیسلامی سیاسی جێبهێڵرێت ئیسلامی سیاسی چ حزبی یان سەلەفیەتی نزیک لە دەسەڵات پرسی پەروەردەی منداڵ وەک گەورەترین وەبەرهێنانی ستراتیژی دەبینێت بۆ داهاتوو ئەوان دەزانن کە حکومەت لە ڕێگەی چەک و ئابوورییەوە حوکمی کاتی دەکات بەڵام حوکمی ڕاستەقینەی درێژخایەنی سەر شەقام لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی کلتور و فیکری نەوەی نوێوە دەبێت بۆیە خولە هاوینەکان لە ڕوواڵەتدا بۆ فێربوونی قورئان و ڕەوشتن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ بونیادنانی بنکەیەکی جەماوەریی داهاتوون بۆ دژایەتیکردنی هەر گۆڕانکارییەکی مەدەنی یان عەلمانی کە لە داهاتوودا لە هەرێمدا بێتە ئاراوە
لێسەندنەوەی پەروەردە لە خێزان و سپاردنی بە مزگەوت
یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا لە باشووری کوردستان پەرەی سەندووە گواستنەوەی دەسەڵاتی پەروەردەیییە لە دایک و باوکەوە بۆ سەرکردە ئاینییەکان و مەلای خولەکان، ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە لەبەر چەند هۆکارێک ڕوودەدات، یەکەم لاوازکردنی متمانەی دایک و باوک بە تواناکانی خۆیان چونکە وتاری ئاینی هاوچەرخ لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەردەوام بە دایک و باوک دەڵێت، کە ئەوان توانای پاراستنی ڕەوشتی و ئاینی منداڵەکانیان نییە لەبەردەم مەترسییەکانی کرانەوەی کولتووری و ئینتەرنێت و جیهانگیری بۆیە تاکە فریادڕەس بۆ ڕزگارکردنی منداڵ ناردنیانە بۆ مزگەوت، دووەم گۆڕینی مەرجەعیەتی منداڵ کاتێک منداڵ دەچێتە ئەم خولانە مەرجەعیەتی یەکەمی بڕیاردان لەسەر چی ڕاستە و چی چەوتە، لە دایک و باوکەوە دەگۆڕێت بۆ مامۆستای ئاینی مزگەوتەکە لە زۆر حاڵەتدا ئەمە دەبێتە هۆی دابەشبوونی خێزانی، چونکە منداڵەکە دەگەڕێتەوە ماڵەوە و ڕەخنە لە شێوازی ژیانی دایک و باوکی دەگرێت یان بەهۆی پابەند نەبوونی تەواوی ئەوان بە تێڕوانینە نوێیەکانی ئەوەوە تووشی نامۆیی دەبێت لە ناو خێزانەکەیدا، ئەمە لێسەندنەوەیەکی نەرمی پێگەی دایکایەتی و باوکایەتییە بەناوی پاراستنی دین و ڕەوشتەوە، کە دواجار خێزانەکان دەکاتە پاشکۆی ئەندازیارانی گوتاری ئاینی و ڕۆڵی بنەڕەتی باوان کەم دەکاتەوە
ئامانجی خولە هاوینەکان لە بوونی پڕۆگرامی فەرمیدا
ئەمە پرسیارە جەوهەرییەکەیە کە دەبێت لەسەری بوەستین کاتێک وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم پەرتوکی تایبەتی هەیە بۆ پەروەردەی ئیسلامی و مامۆستای پسپۆڕی لە قوتابخانەکاندا دامەزراندووە، هەموو منداڵێک هەفتانە وانەی ئاینی دەخوێنێت، ئامانجی پشت ئەم خولە هاوینە جیاوازانەی دەرەوەی قوتابخانە چییە لێرەدا دەردەکەوێت کە ئامانجی خولەکان تەنیا فێربوونی ئاینی سادە نییە، بەڵکو ئامانجێکی سیاسی و ئایدۆلۆژییە، پڕۆگرامی وەزارەتی پەروەردە پڕۆگرامێکی نیشتمانی هێمنە کە دەیەوێت ئاین وەک بەشێک لە کولتور و پێکهاتەی ئەخلاقی هاوڵاتیبوون نیشان بدات بەبێ ئەوەی منداڵەکە دژی کولتوورەکانی تر یان پێکهاتە جیاوازەکان هان بدات، بەڵام ئەم مۆدێلە هاوسەنگە بۆ ئیسلامی سیاسی و تەوژمە توندڕەوەکان تێرکەر نییە، ئامانجی ئەوان لەم خولانە بریتییە لە تێپەڕاندنی فلتەری زانستی حکومەت چونکە لە خولە هاوینەکاندا هیچ چاودێرییەکی پەروەردەیی فەرمی نییە لەسەر ئەو شتانەی دەوترێن مامۆستای خولەکە دەتوانێت چەمکی سیاسی توندو دژایەتیکردنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و ڕەتکردنەوەی دیموکراسی و جیاوازییە فیکرییەکان بەناوی عەقیدەی ڕاستەقینەوە دەرخواردی منداڵ بدات، هەروەها ئامانجێکی تر دروستکردنی هۆشیاری جێگرەوەیە بۆ خوێندنی فەرمی بە جۆرێک کە منداڵەکە خوێندنی قوتابخانە و زانستە مرۆییەکان بە کەمکوڕ یان بێبڕوا ببینێت و مزگەوتەکە وەک تاقە سەرچاوەی حەقیقەتی ڕەها سەیر بکات، ئەمەش زەمینەسازییە بۆ دروستکردنی نەوەیەک کە وەلائی بۆ گرووپە ئاینییەکە یان حزبی ئاینی زیاتر بێت وەک لە وەلائی بۆ نیشتمان و یاساکانی دەوڵەت و نەتەوە.
خولە هاوینەکانی ئاین لە باشووری کوردستان لە ژێر پەردەی فێرکردنی قورئاندا خەریکی داڕشتنەوەی پێکهاتەی دەروونی و فیکری نەوەی نوێن بە ئاڕاستەیەک کە خزمەت بە سیستمی سیاسی باڵادەست دەکات بۆ مانەوەی لە دەسەڵات لە ڕێگەی سەرقاڵکردنی خەڵک بە شەڕی ئایدۆلۆژی و لە هەمانکاتدا خزمەت بە ئیسلامی سیاسی دەکات بۆ فراوانکردنی نفوسی کۆمەڵایەتی خۆی پاشەکشەی خێزان و بێدەنگی یان بێدەسەڵاتی حکومەت، لە ئاست ئەم بەقاچاخبردنەی پەروەردەیە مەترسییەکی درێژخایەن لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاییندەی پێکەوەژیان لە کوردستان دروست دەکات، چونکە نەوەیەک پێدەگەیەنێت کە لە جیاتی بیرکردنەوەی کراوەو زانستی تەنیا بیرکردنەوەی دابەشکەر و ڕەتکەرەوەی بەرامبەر پەیڕەو دەکات و ئەمەش گەورەترین پاشەکشەیە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمەکەدا کە پێویستی بە چاوخشاندنەوەی دەستبەجێ هەیە، پڕۆسەی فێرکاری دەبێت تەنیا لە ژێر چاودێری دامەزراوە فەرمییەکاندا بمێنێتەوە، تاوەکو نەوەیەکی تەندروست بۆ پاشەڕۆژ بەرهەم بێت.