ململانێ لە سودان ڕێگری لە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات
ژنانی ڕۆژنامەنووسی سودانی جەختیان لەوە کردەوە کە بەهۆی ململانێکانی سودان ئاستەنگی بەرهەمهێنانی هەواڵ زیادی کردووە و دەڵێن: دەبێت دەرفەت بۆ ڕۆژنامەنووسان بڕەخسێنرێت کە بە ئازادی بجوڵێن و کاربکەن.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250214-jpg1364ca-image.jpg)
ئایا ئیبراهیم
سودان- بەهۆی بەردەوامی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، ژنانی ڕۆژنامەنووس بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرترین ئاستەنگ، ڕۆژنامەنووسان ڕایانگەیاند کە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە سەرەتاییەکانیانەوە بناغەی کەرەستەی ڕۆژنامەوانییە و هێز و متمانە بە خوێنەران دەبەخشێت.
"بەربەستەکانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری"
ڕۆژنامەنووس ڕیفقە عەبدوڵا ئاماژەی بەوەدا کە ئاستەنگەکانیان لەبەردەم بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان لە دەستپێکی ململانێکانی ناوچەکەوە دەستیپێکرد و وتی: ئازارەکانی ڕۆژنامەنووسانی ژن تەنها لە ئاستەنگەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریدا سنووردار نەبووە و کاتێک هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستیان بەسەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە خەرتومی پایتەختدا گرت و کردیان بە ناوەندی ململانێ، ڕۆژنامەنووسان ناچاربوون کارەکانیان بەجێبهێڵن، ڕۆژنامەنووسان ناتوانن بگەنە ئەو ناوچانە و ڕاپۆرت لەسەر دۆخی تەندروستی و مرۆیی هەرێمەکە ڕابگەیەنن، چونکە هێزەکانی پشتیوانی خێرا زۆر ڕۆژنامەنووسیان لەوێ دەستگیرکردووە، بەشێکیشیان گیانیان لەدەستداوە.
"ڕۆژنامەنووسان بەهۆی نەبوونی دەرفەتەوە واز لە کارەکانیان دێنن"
ڕیفقە عەبدوڵا جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژنامەنووسان ناچارن دەستبەرداری کارەکانیان بن، چونکە ناتوانن لە کاتی خۆیدا زانیاری بەدەست بهێنن، هەروەها وتی: ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن کاردەکەن، کاتیان پێدەدرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و ئامادەکردنی هەواڵەکانیان. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەرئەوەی ناتوانن دەستیان بە زانیارییە پێویستەکان بگات، ڕۆژنامەنووسان ناچارن دەستبەرداری کاری ڕاپۆرتکردن بن، ئەمەش سەختی و ئاستەنگەکانیش زیاتر دەکات لە بواری ڕاپۆرتکردندا بۆیە دەبێت دەرفەت بۆ ڕۆژنامەنووسان دروستبکرێت کە بتوانن هەموو زانیارییەکانیان کۆبکەنەوە و لەسەر ئەو بنەمایە هەواڵەکانیان ڕاپۆرت بکەن.
"تەنانەت ژیانی خۆیان بەخت کرد بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بخەنە ڕوو"
ڕۆژنامەنووس سارا ئەلتەیب داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی بەرپرس کرد کە زانیاری بەپەلە و ڕوون پێشکەش بە ڕۆژنامەنووسان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن و بە خێرایی هەواڵەکانیان ڕابگەیەنن وتی: چونکە ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارن لە وەرگرتنی زانیاری دروست لە سەرچاوەکانیان، سەرەڕای ئەم سەختییانە، ڕۆژنامەنووسان کۆڵیان نەدا و تەنانەت گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو ڕاستییەکان و بۆ وەرگرتنی زانیاری لە چاودێران، بوکرا حەلیمە ئیدریس، ڕۆژنامەنووسی تەلەفزیۆنی سودانی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە کاتی ئەنجامدانی کارەکانی لە خەرتومی پایتەخت لە ئۆمدورمان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا کوژرا، هەروەها سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سودان بە توندی ئەم ڕووداوەی ئیدانە کرد.
"پێویستە حکومەت بەرپرسیارتتی بگرێتە ئەستۆ"
مەشاعیر عوسمان، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئاوەل ئەلنەهار باسی لە گرنگی وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوەکان کرد و وتی: بۆ ئەوەی ئێمە راگەیاندنی ئازاد بەدەست بهێنین، پێویستە ڕۆژنامەنووسان زانیارییەکانیان لە چاودێران وەربگرن، تەنانەت پێش دەستپێکردنی ململانێکان ڕۆژنامەنووسان بە سەختی زانیارییان دەستکەوتووە، پێویستە حکومەتی سودان بەرپرسیارێتی لەم بابەتەدا هەڵبگرێت و پاڵپشتی ڕۆژنامەنووسان بکات بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی زانیارییەکانیان بەدەستبهێنن.