مهاباد شێخ حەمەئەمین: ژنان دەبێت کار لەسەر خۆیان بکەن و خۆیان بناسن

ژنان هەمیشە هەوڵ بۆ پێشەنگ بوون دەدەن و سەرەڕای بەربەستەکان توانیویانە بوێرانە بەشداری پۆستی سیاسی و بڕیاردان بکەن، مهاباد شێخ حەمەئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەلەی پێشمەرگە دێرینەکان دەڵێت: ژنانیش توانای بەشداری و بڕیاردانیان هەیە.

دێرین ڕەحیم

 

سلێمانی-بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسیدا کارێکی تازە نییە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو لە دێر زەمانەوە بوونی هەبووە بە پرەنسیپی جیاواز قۆناغ بە قۆناغ ژنان بەرەو پێشچوون، ژنانی کورد دەستیان کردووە بە بەرەوپێشچوون بۆ وەرگرتنی پۆستە کارگێڕیی وسیاسییەکان، ژنان  لە سیاسەتدا بڕیاری دروست دەدەن، لە سەدەکانی ڕابردوودا ژنانی هەڵکەوتوو و بوێری کورد زۆر بوون کە لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانە شۆڕشگێڕی، جەنگاوەری، سیاسەت، پەروەردە و هونەر ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبووە، ژنانی کورد دەتوانن تواناکانی خۆیان لە هەر بوارێکدا بەکاربهێنن و دەربخەن، لەوبارەیەوە مهاباد شێخ حەمەئەمین، ئوندامی ئەنجومەنی بالای کۆمەلەی پێشمەرگە دێرینەکان  سەبارەت بە هاتنە پێشەوەی ژنان بۆ ناو کایەی سیاسەت و بەشدارییان لە حزب و سیاسەت و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئاژانسی نوژنها دەدوێت.

 

''ئەو ژنانەی هاتوونەتە سیاسەت پشتیان بە تواناکانی خۆیان بەستووە''

مهاباد شێخ حەمەئەمین وتی: ژنان دەبێت خۆیان ئارەزوو مەندبن لەبەشداریکردن لەسیاسەتدا، ئەگەر ژن کاتی کارکردنی نەبێت ئارەزوومەند نەبێت و شارەزایی لەبواری سیاسەتدا نەبێت ناگاتە ئەو ناوەندە، بڕیارەی ژن خۆی مەبەستیەتی ویستی ژنان زۆر گرنگە بۆ هاتنە ناو بواری سیاسەت، سیاسەت تەنها ناو سیاسەت و ناوحزب ناگرێتەوە سەرجەم بوارەکان دەگرێتەوە بەڕێکخراوەکان و هەموو پیشە جۆراو جۆرانەی لەدامودەزگایی حکومەت و پەرلەمان و ئاستەبالاکان دەگرێتەوە، پێویستە ژنان خۆیان هەول بدەن و بەشداری سیاسیان هەبێت، پێگەو مەکانی خۆی هەبێت لەهەر ناوەندێکی بریاردا کەخۆیی ئارەزوومەند بێت، لەو بوارەشدا کەئەزموونی هەبێت ژن دەتوانێت سەرکەوتنی باشتر بەدەستبهێنێت، ئەو کەسانەی توانیویانە بگەنە پێشەوە زیاتر بە تواناکانی خۆیان پشتبەستوو بوون، هەروەها هەنگاوەکان بەرەو پێشەوە ئاسان نەبوون، بە تایبەتی لە بارودۆخێکدا کە ژنێک دەیویست بێتە پێشەوەو ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ژن وەک مرۆڤێک سەیر بکرێت و تواناکانی بۆ کارو بەرهەمهێنان بەکاربهێندرێت، لە دنیای ئەمڕۆدا پێوەری سەرەکی توانایی و لێهاتووییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لەمێژووی ژنانی کورد لەناو شۆڕشە کۆنەکانەوە تا ئێستا ژن توانیویەتی پێگەو مەکانەتی خۆیی  هەبێت لەناوەندی بڕیاردا، وەک سالانی ڕابردوو دەیان ژنی تێکۆشەر و بەتوانا چونەتە بەردەمی پەتی سێدارە لەپێناوی خاک و نیشتماندا، لەبەر ئەوە هەستی نەتەوایەتی تەنها بۆ پیاوان نەبووە بۆ ژنانیش بووە، بوونی ژنان وەکو خۆیان ڕۆڵ و پێگەی خۆیان هەبووە لەخەباتی ڕزگاریخوازی میللەتی کوردا پێگەی دیاریکراویان هەبووە، ئێستا دەبینین ژنان لەهەموو بوارەکاندا، لەهەموو کایە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکان لەناو پەرلەمان و حکومەتدا لەناو هەموو شوێنە هەستیارەکاندا بوونیان هەیە، تەنانەت لەبواری هێزی چەکداریدا ڕۆل و پیگەی تایبەتی خۆیان هەیە، جێگەی خۆیان کردۆتەوە، ژنانیش توانای بەشداری و بڕیاردانیان هەیە، لە هەندێک بڕیاری سیاسی و بابەتی گرنگدا، ژنان دەتوانن بە شێوەیەکی باش بیر لە بابەتەکان بکەنەوە و بڕیاری دروست بدەن، ژنان دەبێت بە ئاگاییەوە بزانن چییان دەوێت و پێویستییان بە چییە، نەک تەنیا بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە دەربکەون یان پۆستێکی حزبی و سیاسی بەدەستبهێنن، ژنان دەبێت کار لەسەر خۆیان بکەن، خۆیان بناسن و بە تواناکانی خۆیان باوەڕیان هەبێت.


"دەبێت ئەنجومەنێک هەبێت ژنانی شارەزاو خاوەن ئەزموون بپارێزرێن"

مهاباد شێخ حەمەئەمین ئەوەشی خستەروو، هاتنە پێشەوەی خودی ژنان و خودی ئارەزوومەندانەی خۆیان کەهاتوونەتە پێشەوە و بەشداریان هەبێت لەهەموو کایە سیاسیەکاندا، کاریگەری هەبووە، لەیەکەم خولی پەرلەمانی عیراقدا ڕێژەیەکی دیاریکراو بۆ ژنان دیاریکرا، بۆ ئەوەی ژنان بەشداری خۆیان هەبێت لەناو پەرلەمان. لەپەرلەمانی کوردستاندا دەبینین بەڕێژەی ٣٠٪ ژن هەیە لەناو پەرلەمان لەسەر ئاستی عێراقیش ٢٥٪ دیاریکراوە بۆ ژنان، ئیمەش داوامان ئەوەیە کار لەسەر ئەوەبکەین لەناو بڕیاری جێبەجیکردندا لەناو حکومەتیشدا بەهەمان ڕێژە لەناوەندە بڕیارەکان لەناو وەزارەتەکان و بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکان و سەرجەم ئەو کایە بەرزانەی خاوەن بڕیارن ژنان بچنە ئەو شوێنانە، بەلام بەداخەوە لەناو کایەیی حکومەتدا بەو ڕێژە دیاریکراوە نیمانە، ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین ویستێک هەیە بەتایبەت بۆ ئەو ژنانەی خاوەن ئەزموون و شارەزایەکی کاری سیاسی حکومی یان پەرلەمانیان هەیە پێویستەئەم ژنانە سوودیان لیوەربگیرێت لەهەموو شوێنەکاندا وەکو ڕاوێژکاریش بێت، پێویستە ئەمانە ئەنجومەنێک بیانپارێزیت، ئەو ئەزموون و شارەزایەیی کە هەیانە بتوانن جێگەیی خۆیان بکەنەوە بۆ نەوەکانی ئێستا کە دێنە پێشەوە، بتوانن ڕێچکەی بەردەوامی ژنان لەسەر ئاستی ناوەندی بڕیار جێیان بۆ بکرێتەوە نەک فەرامۆش بکرێن و وەلاوەبنێن.

 

" هیچ شۆڕشێک بەبێ ژن سەرکەوتوو نەبوون"

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لەڕووی گۆرانکاری و پەروەردەو ئەزموونی ژنان بەپێویستی دەزانم لەوانەکانی خوێندندا ڕۆڵ و پێگەی ژنان باسبکرێت، لەهەندێک لەوانە مێژوویەکاندا زۆر بەکورتی باس لەڕۆلی ژنان کراوە، ئەگەر بکرێتە وانەیەکی تایبەتی بەگشتی لەسەر پێگەو ڕۆڵی ژنان و مێژووی ژنان لەناو شۆڕشەکان و لەناو هەموو سلکە جیاوازەکان چۆن ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان هەبووە، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووشمان بەتایبەت بۆ ژنان ڕێچکەی خۆیان لەسەر بنەمای بنچینەیی مێژووی خۆیان بەردەوام بن بۆ تەواوکردنی هەموو ئەو پێویستیانەی کەژنان پێویستە هەنگاوی بۆ بنێن،هەمیشە لەناو شۆڕشەکاندا ژنان بوونیان هەبوو، هیچ شۆڕشێک بەبێ ژن سەرکەوتوو نەبوون، کاتێک ژنان لەناو شۆڕشدابوون ویست و ئاواتێکی گەورەیان هەیە، ژنانی بوێرو بەهێز لەرووی پێگەیی خۆیەوە دەتوانێت نەهێڵێت ئەو ئاواتەی هەیەتی وەلا بنرێت و نەهێڵێت کە ڕێگری لێبکرێت، ئەوەش دەکەوێتە سەر ئازایەتی ژنان خۆیان بێنە مەیدانی خەباتەوە، بێدەنگ نەبن تا ئەو ئاستەی جێگە و پێگەی خۆیان لە سەرجەم بوارەکان بەتایبەتی بۆ ناوەندی بڕیار دەکەنهەوە، هەر دەوڵەت وحکومەتێک ئەگەر ژن نەخاتە بواری کارکردنەوە ئەوا ئەو کابینەیە سەرکەوتوو نابێت و بەرەو هەنگاوی دواوە دەڕوات.