مای ساتۆ: ژنان لە ئێران بە هەڕەمەکی دەستگیر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن
ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاند، لە دوای خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بارودۆخی ژنان خراپتر بووە، داوا لە ئێران دەکات مافەکانی ژنان لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن.
ناوەندی هەواڵ
مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی ئێران ڕاپۆرتێکی ئاڕاستەی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردو ڕایگەیاند، لە دوای خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بارودۆخی ژنان لە ئێران لە ڕووی مافی مرۆڤەوە خراپتر بووە، بەجۆرێك ژنان بە هەڕەمەکی دەستگیر دەکرێن و لە ژێر یاسای حجابی زۆرەملێ و داوێن پاکی ئەشکەنجە دەدرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە ئێران دەکەن مافەکانی ژنان و کچان لە پێشینەی کارەکانیان دابنێن و چاودێری تەندروستی بۆ زیندانیان دابین بکەن، هەروەها داکۆکیکاران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ ئازاد بکەن.
وتیشی: من ئامادەم لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکەم بۆ هەڵسەنگاندن و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی مافەکانی مرۆڤ، من ڕۆڵی خۆم وەک دوژمنێک نابینم، بەڵکو وەک شارەزایەکی سەربەخۆ دەبینم کە هەڵسەنگاندنەکەم دەتوانێت یارمەتی ئێران بدات بۆ بەهێزکردنی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.