مای ساتۆ: وریشە و پەخشان ڕووبەڕووی مەترسیی لەسێدارەدان دەبنەوە
مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: گەلانی ئێران باجی ئەم شەڕە دەدەن، وریشە و پەخشان ڕووبەڕووی مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.
ناوەندی هەواڵ
مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایگەیاند، گەلانی ئێران باجی ئەم شەڕە دەدەن و لەگەڵ بۆردوومانەکاندا هاووڵاتییان ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی بەرفراوان بوونەتەوە، چالاکوانانی سیاسیی و بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران ڕووبەڕووی لەسێدارەدان بوونەتەوە، ڕژێمی ئێران فشاری زیاتری خستووەتە سەر کۆمەڵگە، بەتایبەت لەسەر ژنانی زیندانیکراو.
ئاماژەی بەوەکرد، نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی ژنانی زیندانیی سیاسیی وەک وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی پەرەی سەندووە، کە ڕووبەڕووی مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، مای ساتۆ هۆشداریی دا، دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕە بۆ گەلانی ئێران تەنیا لە کاتی وەستانی هێرشەکاندا کۆتایی نایەت، بەڵکو لە قۆناغی دوای جەنگدا ڕووبەڕووی هەژاریی زیاتر و گوشاری فراوانتر دەبنەوە.
مای ساتۆ جەختی لەوە کردەوە، کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بە شێوەیەکی دەستبەجێ جەوهەرییە، بەڵام تەنیا ئەم کارە بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مافی مرۆڤ، پێشتر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان دابوو لە زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان و چڕبوونەوەی سەرکوتی ناوخۆیی لە ئێران لە یەک کاتدا، کە ژنانی تێکۆشەر زۆرترین فشاریان دەخرێتە سەر.