"ماڵی پارێزراو" هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی تواناکانی ژنان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان

"ماڵی پارێزراو" لە ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەنجامدانی خول و فێرکردنی کارامەییەکانی کارکردن پشتیوانییەکی تەواو دابین دەکات بۆ ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

بەهار عەباسی

 

ورمێ- ئامانجی دروستکردنی "ماڵی پارێزراو" بریتییە لە پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی ژنان و منداڵانی بەرکەوتووی توندوتیژی، هەروەها دابینکردنی شوێنێکی پارێزراو بۆیان و باشترکردنی توانای ژنان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە کەسییەکان و کێشە پەیوەندیدارەکان.

 

زۆربەی ژنان بەهۆی توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، ناپاکی هاوسەرگیرییەوە، سەردانی ناوەندەکان یان ماڵە پارێزراوەکان دەکەن، ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو ئەوەیان ئاشکرا کرد کە زیاتر لە ١٠٠ ژن بەهۆی فشاری کۆمەڵایەتییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

فەتمە باباخانی، دامەزرێنەری ماڵی ژنانی پاریزرا و چالاکوانی فێمێنیستی، لە دامەزراوەی "مهر شمس أفريد" وتی: پەیمانگەکە لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵات وەک ڕێکخراوێکی ناحکومی کاردەکات لەگەڵ چەندین گروپی لاوەکی کە تەنها لە یەک شاردا نییە، بەڵکو خزمەتی ژنان و منداڵانیش دەکات لە سەرانسەری ئێراندا لە ڕێگەی خولی ئۆنلاین و ڕاوێژکردنی ڕووبەڕوو.

 

"ژنانی توندوتیژی بەرامبەر کراو بە‌هێز دەکرێن"

ڕوونیکردەوە کە ماڵی پارێزراوی دامەزراوەی "مهر شمس أفريد" یەکێکە لەو ناوەندانەی کە لەژێر سەرپەرشتی پەیمانگاکەدا دامەزراوە و ساڵانە دەیان ژن و منداڵ لەخۆ دەگرێت کە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی خێزانین، "یەکێک لە چالاکییەکانمان بەهێزکردنی ژنانە، ژنانی توندوتیژی بەرامبەر کراو کە توانای کارکردنیان هەیە فیردەکەین بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێزیان بکەن، دواتر دەست دەکەن بە کارکردن لە ژینگەیەکی سەلامەت و لە ژێر چاودێری دامەزراوەکەدا دەبن بۆ ئەوەی بتوانین لە داهات و ژینگەیان دڵنیا بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژی نەبنەوە.

 

سەبارەت بە دەستپێکردنی پێشانگای کارە دەستییەکان بۆ ژنانی "ماڵی پارێزراو"، وتی: پێشانگا دەکەینەوە بۆ ئ ئەو ژنانەی کە لەلایەن دامەزراوەکەوە داڵدەدراون، بۆ ئەوەی بتوانن شوێنێکی ئازاد بەدەست بهێنن بۆ پیشاندانی بەرهەمەکانیان و ئەو کاڵایانەی کە دەفرۆشرێن ڕاستەوخۆ دەخرێتە سەر هەژمارەکەیان، پێشانگاکە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازی لێکراو هونەرمەندان، پرۆفیسۆر، ئەکادیمی، نووسەران و پارێزەران لە شارەکانی دیکەوە دێن بۆ ئێرە و پشتگیری لە کارە بەرهەمهێنەرەکانی ئەم ژنانە دەکەن، زۆرێک لە ژنانی ماکۆ، تەبرێز، مەهاباد، بوکان بەرهەمەکانیان بۆ ئێمە دابین کردووە و لە پێشەنگاکەدا دەیانفرۆشین و کارەکانیان پشتگیری دەکرێن، دوایین پێشانگا بۆ یەک ڕۆژ، شەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو شەش بەرهەم لەوێ فرۆشران و لەبەر ئەوەی شوێنی پێویست نەبوو، هیچ بەرهەمێکی دیکە پیشان نەدەدرا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا فاتمە باباخانی جەختی لەوە کردەوە کە لە پێشانگای داهاتوودا کاردەکەین بۆ دابینکردنی بەرهەمی زیاتری ژنانی جیاواز و قازانجی پێشانگاکە بۆ کاروباری یاسایی تەرخان دەکرێت، ماڵی پارێزراو پشتیوانی و پەناگە بۆ ئەو ژنانە دابین دەکات کە ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە و بە فەرمانی دادوەری لە ماڵی پارێزراودا دەژین، هیچ کەس ناتوانێت لێیان نزیک ببێتەوە.