ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی: ژنۆلۆژی دەتوانێت چەترێک بێت بۆ یەکخستنی ژنان
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی، نووسەر و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی کە بە مەبەستی بینینی شۆڕشی ژنان لە نزیکەوە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە، جەختی لە گرنگی بنیاتنانی تۆڕێکی هاوبەشی خەباتی ژنان کردەوە و وتی: ژنۆلۆژی دەتوانێت چەترێک بێت کە ژنان یەکبخات.
بێریڤان ئینتاجی
حەسەکە- ژنۆلۆژی بە خەباتی خۆی، ئەوەندەی دەبێتە بنەمای پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنانی شۆڕش، لە هەمان کاتدا سەرنجی ژنانی جیهان ڕادەکێشێت، ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی، ڕۆژنامەنووس، توێژەرو نووسەر و لە هەمانکاتدا مامۆستایە لە زانکۆی بۆری لە ئیتاڵیا، کە چووەتە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە مەبەستی لە نزیکەوە بینینی ئەو پێشهاتانەی کە ڕوودەدەن لەگەڵ ژنۆلۆژی لە ئاستی کۆمەڵگەدا لە بواری شۆڕشدا، وەڵامی پرسیارەکانمانی دایەوە سەبارەت بە تێبینییەکانی.
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی سەرنجی بۆ خەباتی جیهانی ژنان و ڕۆڵی ژنۆلۆژی لەم بابەتەدا ڕاکێشا و وتی: ژنۆلۆژی دەتوانێت چەترێک بێت کە ژنان یەکبخات، پەرەپێدانی ژنۆلۆژی یەکێک بوو لە ڕاسپاردەکانی ڕێبەر ئاپۆو نیلسۆن ماندێلای ئەمڕۆیە.
"ساڵانێکە پەیوەندیدارم بە پرسی کوردەوە"
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی، ئاماژەی بەوەکرد، ساڵانێکە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرسی کورد دەکات و وتی: ساڵانێکە مامەڵەم لەگەڵ پرسی کورددا کردووە، بەتایبەتی دۆخی ژنانی کورد، شۆڕش و خەباتیان، ڕۆڵی ئەوان لە بەرخۆدانی کورددا هەیە، من و هاوڕێکانم لە ساڵی ٢٠١٦ بەشداریمان لە دامەزراندنی "کۆڕبەندی ژنە ڕۆژنامەنووسانی دەریای ناوەڕاست" کرد. لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا، لە چوارچێوەی ئەم کۆڕبەندەدا، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی دیکە، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی جیولیا (یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ئیتاڵیا)، لەگەڵ زانکۆی باری و زۆرێک لە دامەزراوەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی کورد و بەتایبەتی بارودۆخی ژنانی کورد و ڕۆژنامەنووسانی کورد بەڕێوەچوو هەر بۆیە ئێمە ڕۆژنامەنووس و چالاکانی کورد لە بەشەکانی ئەوروپاوە بانگهێشت دەکەین و بەم شێوەیە نزیک بوومەوە لە ژنۆلۆژی.
"پەیوەندی ژنۆلۆژی بە هەموو بوارەکانی ژیانەوە"
ماریلوو ماسترۆجیۆڤانی باسی لەوەشکرد، دوای زانینی خەباتی گەلی کورد و خوێندنەوەی پەرتوکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان سەرسام بووە وتی: پێش هەموو شتێک نووسینی شەهیدانی ژن زۆر کاریگەر بوو، بەڕای من توانای پێناسەکردنی خۆیان بە شێوەیەکی ئۆتۆبیۆگرافی زۆر کاریگەرە و بینیم کە چۆن تەکنیکەکەیان زۆر نزیکە لە تەکنیکی خۆگێڕانەوەی بەناو فێمینیستەکانی جیاوازی، فێمینیزمی جیاوازی ئەوەیە کە من لە گەنجیەوە خۆم پەروەردە کردووەوهەر بۆیەش حەزم لەم ڕێبازە هەیە، ساڵانێکی زۆرە وەک ڕۆژنامەنووسێکی لێکۆڵەر لەگەڵ ئیکۆلۆژیا و بەتایبەت مافە ژینگەییەکان و دادپەروەری ژینگەیی و چۆن پەیوەندییان بە جۆرەها چەوساندنەوەی مرۆڤ و کەمینەکانەوە هەیە و لەمەشدا پەیوەندییەکی بەهێزم لەگەڵ ژن دۆزییەوە.
پەیوەندی ژنۆلۆژی لەگەڵ پێداگۆجی گۆڕانی کۆمەڵایەتی
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیوەندی نێوان نووسین وەک تەکنیکێکی زانین، پەیوەندی هامبیۆتیک نێوان فێمینیزم و مافە ژینگەییەکان و دادپەروەری ژینگەیی، دووبارە دۆزینەوەی زانستی سروشتی ڕاکێشاوە بۆ خوێندنی ژنۆلۆژی، وتی: لە ئێستادا ماستەرەکەم لە خوێندنی تایبەتدا ئەنجام دەدەم، بە ڕێبازێکی کۆمەڵناسی، لەم لێکۆڵینەوەیەدا پەیوەندییەکی دیکەم لەگەڵ ژنۆلۆژی وەک پێداگۆجییەکی گۆڕینی کۆمەڵگە دۆزیەوە، من زۆر پەیوەندیدارم بەوەی کە ژنۆلۆژی چی پێشکەش دەکات، بەڵام ئەمە زیاترە لە ڕوانگەیەک، پڕۆژەیەکی سیاسییە و هەر بۆیەش، پەروەردە، مەعریفە، پێداگۆجی وەک پڕۆژەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانە دادەندرێت و لە هەمان کاتدا پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، بۆ من ڕۆشنگەرییەک بوو، هەر بۆیە ڕێبازی بژنۆلۆژیم لە نووسین و لێکۆڵینەوەکانمدا جێگیر کردووە.
"ژنۆلۆژی وەڵامی زۆر پرسیارە"
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی وتی: باوەڕم وایە کە ژنۆلۆژی وەڵامی زۆرێکە لەو پرسیارانەی کە لەلایەن جۆرەکانی تری ڕێبازە فێمینیستەکانەوە وروژێنراون، لە ژنۆلۆژیدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدۆزمەوە کە ڕێبازەکانی دیکە و بە تایبەتی ڕێبازی دیکۆلۆنیالیزم و بڕبڕەیی لە فێمینیزمی ژنانی ئەفریقای باشووردا کراونەتەوە، بەبۆچوونی من ژنۆلۆژی شتێکی تری هەیە، پێشنیارێکی سیاسی بە بۆ هەمووان، بۆیە دەتوانێت چەترێک بێت کە ژنان یەکبخات، بە بۆچوونی من شۆڕشێکی گەورەتر کە دەتوانێت بیهێنێتە ئاراوە ئەوەیە کە مۆدێلێکی نوێی دیموکراسی و کۆمەڵایەتی بەدی نایەت، ئەگەر لە مافی ژنان و لەناوبردنی پیاوسالارییەوە دەست پێ نەکەین.
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەم مانایە هەموو جۆرە ستەمێک کە لەلایەن پیاوسالاری و سەرمایەداری و نیولیبرالیزم و هەموو شتێکی پەیوەست بەوەوە دروست بووە، شیکاری بکەن، پیاوسالاری ستەم لە ژنان دەکات بەڵام ستەم لە پیاوانیش دەکات، ژنۆلۆژی ڕێگەمان پێدەدات کە ئامرازەکانی هەڵوەشاندنەوەی پیاوسالاریمان هەبێت، لە مافی هەموو کەسێکەوە دەست پێبکەین، لە ژنانەوە دەست پێدەکات، بەڵام چارەسەرێکە بۆ هەمووان و بۆ ژنان و بۆ پیاوان.
پێویستی بونیادنانی کۆنفیدڕاڵی ژنان
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی سەبارەت بە گرنگی بونیادنانی کۆنفیدرالیزمی ژنانی دیموکراسی جیهانی و ڕۆڵی ژنۆلۆژی لەم ڕووەوە وتی: سەبارەت بە کۆنفیدرالیزمی جیهانی ژنان، پێموایە کە ئامڕازەکانی ژنۆلۆژی دەتوانن فاکتەری هاوبەش بن لەو کولتوورانەی کە لەخۆدەگرن، چونکە کە ئەوان (ئامرازەکانی ژنۆلۆژی) توانای پەرەپێدانی کولتووری ئەو کەسانەیان هەیە کە ژنۆلۆژی بەکاردەهێنن، بۆیە لە خۆتەوە دەست پێ بکە، لە کولتوورەکەتەوە، پراکتیزە نوێیەکانی ئازادی پەرەپێبدە، ئەمەش ژنۆلۆژی دەکاتە ئامڕازێکی گشتگیر و ڕەوا، چونکە نەرم و نیانە و لەگەڵ کولتوورە جیاوازەکاندا دەگونجێت.
جیهانیبوونی ژنۆلۆژی
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی وتی: پێموایە لە مێژوودا هیچ کاتێک پارادایمێکی فێمینیستی لەم جۆرە نەبووە کە بۆ هەموو کولتوورەکان و بۆ هەموو جۆرەکانی زایەندی و ئاڕاستەی زایەندی و کەسایەتی بە تەواوی ڕەوا بێت، چونکە لە کەسایەتی هەموو کەسێکەوە دەستپێدەکات و ڕێزی لێدەگرێت، ژنۆلۆژی داوامان لێدەکات لە خۆمان بپرسین کێین، لە کوێوە هاتووین و بەو هۆیەوە پەرە بە پراکتیزەکانمان بدەین و خۆمان لەگەڵ ئەوانی تردا بدۆزینەوە لە پەیوەندییەکدا کە هەمیشە لە گۆڕاندایە، لەم جۆرە پەیوەندییەدا ، لە کەسایەتی خۆمدا، لە بنەچەی خۆمدا، من جیهانیبوونی ژنۆلۆژی دەبینم.
"ڕێبەر ئاپۆ نیلسۆن ماندێلای ئەمڕۆیە"
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی سەبارەت بە گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە سیستمی ئیمرالیدا بیری ژنۆلۆژی بەرەوپێش دەبرد، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێموایە ڕێبەر ئاپۆ نیلسۆن ماندێلای ئەمڕۆیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش شەرمەزارییەکی گەورەیە کە بێدەنگی هەیە لەوەی کە چی بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا هاتووە و چی دەکرێت، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێکی چالاکی زۆر هەن کە زۆرجار داوای ئازادکردنی دەکەن، جگە لە بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییە توندەی لەسەری هەیە، گۆشەگیری و بێدەنگی لە بەرامبەر دڕندەیی و چەوساندنەوەی گەلی کورد هەیە، ئەوەی لێرەدا دەیبینم سیستمێکی ڕاستەقینەی ئاپارتایدە (نەتەوەپەرستی) دژ بە گەلی کورد، ئەمەش زۆر هاوشێوەی ئەوەی ڕوویدا و بەسەر گەلی فەلەستینیشدا دێت، دزینی زەوی، ئاو، درەخت، خانوو، مافی ژیان لەو زەوییەدا کە مرۆڤی لێ لەدایک بووە و بەو هۆیەوە جیا بووەتەوە لەسەر بنەمای ڕەوشتی و کولتووری، ئەمەش پەیوەندی بە هۆکاری سیاسی و کولتووریشەوە هەیە، چونکە تیۆری کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی لەسەر بنەمای ژیانی ئارامی گەلان و کولتوور و ئایینەکان دامەزراوە، دەوڵەتی مۆدێرن زیاترە لە چەمکی نەتەوە و لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی پیاوسالاری بونیاد نراوە، بۆ هەر جۆرە سیستمێک کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین، سیستمی دەوڵەت ئەمە وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر خۆی دەبینێت، ئێستا کە لێرەم، باشتر تێدەگەم هۆکارەکانی بێدەنگی دەوڵەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە کێشەی کورد چین؟ بە چاوی خۆم دەبینم چی ڕوودەدات، سەرەڕای بڕینی ئاو خەڵک لێرەن دەیانەوێت لە خاکی خۆیاندا بژین، فۆرمەکانی ڕێکخستنی دیموکراسی بۆ درێژەدان بە ژیانی خۆیان دەدۆزنەوە، ێشنیاری سیاسی ئەوان بەڕاستی بەهێزە و لەسەر بنەمای بەها گشتگیرەکان دامەزراوە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێن.
ماریلۆ ماسترۆجیۆڤانی بەم بانگەوازە کۆتایی بە وتارەکەی هێنا: وەک ڕۆژنامەنووس و مامۆستای ڕۆژنامەگەری و خوێندکاری ماستەر، دەمەوێت بانگەوازێک بۆ هەمووان بکەم، بۆ خوێندنەوە، فێربوون، لە دەنگی گەلەوە گوێ لە چیرۆکی گەل بگرە چونکە ژیانت دەگۆڕێت و ئێمەش ئەرکمان لەسەر شانە ئەو کارە بکەین.