مامۆستایان: نابێت سووریای نوێ لەسەر بنەمای سنووردارکردنی زمانی گەلەکەی بونیاد بنرێت
بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە حکومەتی کاتی سووریا بۆ تەرخانکردنی کاتی پۆل بۆ فێرکردنی زمانی کوردی و خستنەڕووی نمرەکەی لە تێکڕای گشتیی خوێندکاران، کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لە ڕۆژئاوا بەدوای خۆیدا هێنا.
ڕۆنیدا حاجی
حسەکە- بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە فێرکردنی زمانی کوردی ناڕەزایی بەربڵاوی لای خەڵکی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، دایکان و باوکان جەخت لەوەدەکەنەوە، کە سنووردارکردنی فێرکاری زمانی کوردی تەنها پرسێکی زمانەوانی نییە، بەڵکو دەتوانێت ئاستەنگی نوێ بۆ داهاتووی خوێندکارانی کورد دروست بکات.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی پەروەردە لە حکومەتی کاتی سووریا، هەفتانە سێ پۆلی زمانی کوردی تەرخانکراوە، نمرەی زمانی کوردیش لە تێکڕای گشتی خوێندکاردا جێگیرکراوە، جگە لەوەش هەفتانە یەک ماوەی پۆل بۆ چالاکییەکان بە زمانی کوردی دیاری کراوە.
١٤ ساڵ خەبات

لە سەرەتای لێدوانەکەیدا، ژیندا ئەحمێ، مامۆستای زمانی کوردی وتی: ماوەی ١٤ ساڵە خەباتمان بۆ زمان و پەروەردەی خۆمان کردووە، سەرکەوتوین لە پەرەپێدانی سیستەمێکی خوێندن بە زمانی کوردی، خوێندکاری کورد لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا دەخوێنن، لە سەرەتاییەوە تا ئامادەکاری، ناوەندی، پەیمانگاکان، زانکۆکان، کەرەستەکانیش بە زمانی کوردی ئامادەکراون.
جەختی لەوە کردەوە، کە داواکاری بنەڕەتی گەلی کورد ئەوەیە کە منداڵان و قوتابیانی کورد بە زمانی دایکییان فێربن، لەگەڵیدا هەموو کەرەستەی پەروەردەیی، لە بوارەکانی زانستی و ئەدەبیدا، بە زمانی کوردی پێشکەش بکرێن، بڕیاری تەرخانکردنی سێ وانە هەفتەی، دوای ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی ١٤ ساڵدا بەدەست هاتوون بەس نییە، وتی: ئەمە دەتوانێت ڕێگە بۆ کێشەی نوێی پەروەردەیی بکاتەوە.
"بڕیارەکە داهاتووی خوێندکاران سنووردار دەکات"
ژیندا ئەحمێ تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر قوتابیانی کورد وتی: ئەو منداڵانەی کە بە زمانی کوردی فێری بابەتی زانستی بوون، لەگەڵ گۆڕینی زمانی فێرکردندا تووشی کێشە و گرفت دەبن، لەگەڵیدا، ئەو خوێندکارانەی کە بە زمانی کوردی فێری بیرکاری بوون، کاتێک بابەتەکە بە زمانی عەرەبی دەخوێندرێت رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەری لەسەر باشی دەروونی خوێندکارەکان هەبێت و تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی واز لە خوێندن بهێنن، وتی: بڕیارەکە پەیامێک بۆ قوتانیان دەنێرێت کە ناتوانن ببنە پزیشک، ئەندازیار، پسپۆڕی بوارەکانی تری زانستی، زمان دەبێت ئامرازێک بێت کە لە ڕێگەیەوە خوێندکاران بتوانن داهاتووی خۆیان بونیاد بنێن.
"زمانی کوردی ناسنامەی ئێمەیە"

هیندرین سینۆ، مامۆستای زمانی کوردی ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە لەگەڵ کولتوور و ناسنامەی گەلی کورد ناگونجێت، تیشکی خستە سەر خەباتی درێژخایەنی گەلی کورد لە پێناو مافەکانی و وتی: دوای ئەو هەموو بەرخۆدانەی کە دراون، گەلی کورد مافی خۆیەتی لە هەموو بوارەکانی زانستی و ئەدەبیدا بە زمانی خۆی بخوێنێتەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە گەلی کورد هاوبەشە لە بونیادنانی سووریای نوێدا، مافی ئەوەی هەیە فێری زمانی خۆی بێت و قسە بکات و بیرۆکەکانی خۆی دەرببڕێت،داوای مسۆگەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ هەموو گەلانی سووریا، قوتابیان بتوانن هەموو بوارەکانی زانستی و ئەدەبی و ئەکادیمی بە زمانی خۆیان بخوێنن.
هیندرین سینۆ داوای لە حکومەتی کاتی کرد بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و ڕێز لەو هەوڵ و دەستکەوتانە بگرێت کە لە ماوەی ١٤ ساڵی خوێندنی زمانی کوردیدا بەدەست هاتوون، وتی: سووریای نوێ نابێت لەسەر بنەمای سنووردارکردنی زمانی گەلان بونیاد بنرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی مافەکانیان و دابینکردنی پەروەردە بە زمانی دایکی بونیاد بنرێت.