مەلالە یوسفزای: ئەفغانستان تاکە وڵاتە کە مافی خوێندنی ژنان زەوت دەکات

مەلالە یوسفزای بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی گرووپی توندڕەوی تاڵیبان ڕایگەیاند، بە ملیۆنان کچی ئەفغانی لە ماڵەوە ماونەتەوە و ئومێدیان بە داهاتوو نەماوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی چوارشەممە، مەلالە یوسفزای چالاکوانی مافی ژنان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی "مەلالە" لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە شاری ئەبوجای نەیجیریا ڕێکخرابوو، بە ئاماژەدان بەوەی کە ١٢٠ ملیۆن ژن لە سەرانسەری جیهاندا بەهۆی هەژاری، پیاوسالاری، کەشوهەوا و ململانێکانەوە بێبەشن لە خوێندن، وتی ئەفغانستان تاکە وڵاتە لە جیهان کە ژنان مافی خوێندنیان نیە.

 

ئەم چالاکوانەی مافی ژنان ئاماژەی بەوەدا، دە ساڵ لەمەوبەر لە هەر سێ ژنی گەنج لە ئەفغانستان یەکێکیان دەچووە زانکۆ، ڕەخنەی لە دواکەوتوویی تەواوەتی ئەفغانستان گرت لە بواری پەروەردەی ژنان و ڕایگەیاند، بە ملیۆنان کچی ئەفغانی لە ماڵەوە ماونەتەوە و ئومێدیان بە داهاتوو نەماوە.

 

مەلالە یوسفزای باسی لە ئەزموونە تاڵەکەی کرد لەژێر دەسەڵاتی تاڵیبانی پاکستان و ڕایگەیاند "دوو ساڵی منداڵیم لەژێر دەسەڵاتی تیرۆری تاڵیباندا تێپەڕیوە، لە ماڵی خۆم ئاوارە بووم و مافی ئەوەم نەبوو بچمە قوتابخانە".

 

مەلالە یوسفزای، لە دایکبووی ١٢ی تەمموزی ١٩٩٧، چالاکوانی مافی مرۆڤ و منداڵان و خەڵکی پاکستانە، هەروەها ئەندامی هەڵمەتی پەروەردەی کچانی پاکستانە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی  ٢٠١٢ لە ڕێگەی گەڕانەوە لە قوتابخانە لەلایەن تاڵیبانەوە هەوڵی تیرۆرکردنی درا، کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.

 

لەو سەردەمەی تاڵیبانی پاکستان زاڵ بوو بەسەر ناوچەی سوات، بەشێک لە کچان بەبێ پۆشینی یەکپۆشی، بە جلوبەرگی ئاساییەوە بە نهێنی دەچوونە قوتابخانە، لە کاتێکدا کتێبەکانیان لە ژێر شاڵەکانیان شاردبووەوە، مەلالە یوسفزای باسی لەوە کرد، دەیەوێت کاتێک گەورە بێت یاسا بخوێنێت و بچێتە ناو دونیای سیاسەتەوە.


مەلالە یوسفزای کتێبێکی بە ناوی من مەلالەم نووسیوە، لەم چیرۆکەدا پێی وایە ئەمە تەنها چیرۆکی ئەو نییە، بەڵکو چیرۆکی ملیۆنان منداڵە کە لە خوێندن بێبەشن، ئەم کتێبە لەلایەن کریستینا لامب ڕۆژنامەنووسێکی ئینگلیزییەوە بڵاوکراوەتەوە و لە قوتابخانە تایبەتەکانی پاکستان قەدەغە کراوە.

 

هەروەها مەلالە یوسفزای لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣ خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپای وەرگرت، خەڵاتی

مافی مرۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا کە لە ساڵی ١٩٨٨ەوە بە دروشمی "بۆ ئازادی بیرکردنەوە" بەخشراوە.

 

بە هاوبەشی لەگەڵ کایلاش ساتیارتی چالاکوانی مافی منداڵان لە هیندستان خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠١٤ی بەدەستهێنا، بەهۆی هەوڵەکانی بۆ پەروەردەکردن لە پاکستان، سەرۆکی لیژنەی نۆبڵ ڕایگەیاند، مەلالە یوسفزای ئەم خەڵاتەی وەرگرتووە بەهۆی هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی کچان لە پاکستان.