لەتیفە ئەحمەدی: بۆ ژنان لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا دەبێت یەک دەنگ بین

لەتیفە ئەحمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ ڕوونیکردەوە کە ڕۆڵی ژنان لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو جیهان بەتایبەتی ژنانی ئەفغانستان.

بەهاران لەهیب

کابول- لە ماوەی دوو ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا، خەڵک ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی ژیان بوونەتەوە، بەتایبەتی ئەو ژنانەی وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، مافە سەرەتاییەکانی وەک مافی خوێندن و کارکردنیان ڕەتکراوەتەوە، لە شوێنی گشتیدا بە بەردباران دەکرێن، ناچارکراون هاوسەرگیری لەگەڵ ئەندامانی تاڵیباندا بکەن و هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەبنەوە.

لەتیفە ئەحمەدی، کە چەندین چالاکی لەسەر مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان ئەنجام دەدات، پشتیوانی خۆی بۆ ژنانی ئێران و ئەفغانستان دەربڕی و سەبارەت بە دەسەڵاتی دوو ساڵەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، وتی: دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەمەریکا، ناتۆ و وڵاتانی دیکە ئەفغانستانیان ڕادەست کرد، اڵیبان هەزاران کەسی بێتاوانی کوشت و ڕۆڵی ژنی لە کۆمەڵگەدا سنووردار کرد و ئەفغانستانیان گەڕاندەوە بۆ سەردەمی بەرد، چونکە خەڵکەکە لە دۆخێکی خراپی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدان، ملیۆنان کەس بێکارن و برسین، لە هەموو شوێنێک خۆکوشتن هەیە بەهۆی فشاری دەروونی لە وڵاتەکەدا.

وتیشی: مەترسی ئەوە هەیە ئەفغانستان جارێکی دیکە بە پشتیوانی وڵاتانی جیاواز بچێتە ناو جەنگەوە لە نێوان ئەندامانی ئەم گروپە تیرۆریستییەدا و بەداخەوە جیهان بە بێدەنگییەوە چاودێری دەکات و ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ڕووداوە ترسناکەکان لەوە زیاتر دەبینین کە ئەمڕۆ ڕوودەدات.

 

"باوەڕم بە تواناکانی ژنانی ئازای وڵاتەکەم هەیە"

سەبارەت بە خەباتی ژنانی ئەفغانی، لەتیفە ئەحمەدی وتی: هەرچەندە ئێمە وەک ژنانی ئەفغانی ئازار دەچێژین، بەڵام لە هەر دەنگێکدا کە بەرزکراوەتەوە، بەتایبەتی لە قوڕگی ژنانەوە، ئەوە هێزم دەداتێ و هیوام پێدەبەخشێت، من باوەڕم بە تواناکانی ژنانی ئازای وڵاتەکەم هەیە و هیوادارم دەنگی ئێمە یەکبگرێت بۆ دادپەروەری لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و بزووتنەوەیەکی گەورەی یەکگرتوو دروست بکەین.

هەروەها ئاماژەی بە خەباتی ژنان لە ئێران کرد و وتی: ئەو وڵاتەی تەنیشتمانە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتەکەمان باشتر نەبووە و کوشتنی ژینا ئەمینی بووە هۆی ڕاپەڕینی خەڵک لە ئێران، ئێمە تێبینی ئەوە دەکەین کە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" شێوەیەکی سیاسی وەرگرتووە و خەڵک، بەتایبەتی ژنانی ئازا، ڕۆڵێکی بەرچاویان لەو بزووتنەوەیەدا گێڕاوە، ئەوان بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو جیهان، بەتایبەتی ژنانی ئەفغانستان، بەڵام بەداخەوە ڕژێمی ئێران دوودڵ نەبووە لە سەرکوتکردنی ئەم بزووتنەوەیە بە دەستگیرکردنی هەزاران خۆپیشاندەر و ئەنجامدانی هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانی هەندێکیان.

چالاکوان لەتیفە ئەحمەدی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من لەگەڵ ژنانی ئازای ئێران و دروستکەرانی مێژوودا وەک هاوکاری ژنانی ئەفغانستان وەستاوم، چونکە ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبنەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئێمە پێویستمان بە هەماهەنگییەکی هاوبەش و زیادکردنی خەبات هەیە، ئێمەی ژنان لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا دەبێت دەنگی خۆمان یەکبخەین و لەگەڵ یەکتردا بوەستین بە هیوای ئەوەی هاوکارییەکانی نێوان ژنانی ئێران و ئەفغانستان زیاتر گەشە بکات، بۆ ئەوەی هەردوو وڵات لە دەستی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان ئازاد بکرێن.