"لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەڵەیەکی ڕەشە بەسەر مرۆڤایەتییەوە"
٦٨ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی ژنان داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکەن و دەڵێن: لەسێدارەدانی پەخشان پەڵەیەکی ڕەشە بەسەر مرۆڤایەتییەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەم لە لایەن دادگای باڵای ئێران و بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسەند کرا و ئەوەش لە ناوخۆی ئێراندا و جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردانەوەی لێکەوتووە.
ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی دووەم، ٦٨ ڕێکخراوی بەرگریکاری مافی مرۆڤ و چالاکوانانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەبارەی سەپاندنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ٦٨ ڕێکخراوی بەرگریکاری مافی مرۆڤ و چالاکوانانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناوەند و ڕێکخراوە یاساییەکانی وڵاتان دەکەن هەنگاوی جدی بنێنن بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی.
ئاماژە بەوەشکراوە، پەخشان عەزیزی ژیانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە ژنان و پەرەپێدانی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا تەرخان کردووە، لەسێدارەدانی پەخشان پەڵەیەکی ڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتییەوە.
ڕیکخراوەکان بریتین لە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات، کانوونی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، کامپەینی ئازادیی بەندکراوانی سیاسیی لە ئێران، بۆنیادی عەبدولڕەحمان بروومەند، کامپەینی چالاکوانانی بەلووچ و چەندین ڕێکخراوی دیکە.