لۆرا کواغلیۆلۆ: ڕێکخستنی ژنان بۆ کۆمەڵگەکانی ئاشتی گرنگە
لۆرا کواغلیۆلۆ، چالاکوانی مافی ژنانی ئیتاڵی ڕایگەیاند، کە چەمکی "دەسەڵات سەرەتا، ژن دواتر" هەڵەیە، هەروەها ڕێکخستنی ژنان و دەستنیشانکردنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کۆمەڵگە ئاشتیخوازەکان گرنگە.
ناوەندی هەواڵ
لۆرا کواغلیۆلۆ، داکۆکیکاری ژنان و مافی مرۆڤی ئیتاڵیا، ئاماژەی بەوەدا، کە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ساڵانێکە داوای ئاگربەستی تاکلایەنە دەکات، جەختیشی لەوە کردەوە، کە گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئاشتی بەردەوام و کۆمەڵایەتیدا سیاسەتی گۆشەگیرییە، لۆرا کواغلیۆلۆ، بە ئاژانسی ''ANF''ی ڕاگەیاند، ئاشتی تەنها لە ڕێگەی ڕێبازێکەوە بەدەست دێت کە پاڵپشتی بونیاتنانەوەی کۆمەڵگە بکات و گرنگی بە ئازادی ژنان بدات.
ڕاشیگەیاند، ڕێوشوێنی گۆشەگیری دژی عەبدوڵا ئۆجالان نیشانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤە بەرامبەر بە هەموو زیندانیانی سیاسی لە تورکیا، هەروەها بیری هێنایەوە کە زیندانی سیاسی لە زیندانەکاندا زۆرن، ئیرادەی ئاشتی و هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتیش تەنها بە کۆتاییهێنان بەم پێشێلکارییانە بەدەست دێت و وتی: پێویستە ڕێز لە هەموو مافەکانی مرۆڤ بگیرێت و زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەرەوپێش بچێت.
''ئامانج بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسییە''
ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە لایەنە جیاوازەکانی پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان جەختکردنەوەیەتی لەسەر ڕزگاری ژنان، بەتایبەتی لە بانگەوازەکانی ئەم دواییانەیدا بۆ ئەوەی ژنان ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕن لە بونیاتنانەوەی کۆمەڵگەدا، ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێبازە لە بنەڕەتدا جیاوازە لە پرۆسەکانی ئاشتی کلاسیک، هەروەها ئاشتی وەک ڕێککەوتنێکی سەرەوە بۆ خوارەوە سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی لە خوارەوە بۆ سەرەوە سەیر دەکرێت، ئەم تێگەیشتنەش ئامانجی پێکەوەژیانێکە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە نێوان مرۆڤەکان، بیروباوەڕەکان، زمان و کولتوورەکان، وتیشی: ''ئامانج بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسییە، بۆیە دەبێت ئەم پرۆسەیە بۆ بەرژەوەندی گەل بێت''.
''عەبدوڵا ئۆجالان یەکێکە لە بیرمەندە گرنگەکانی سەردەمی ئێمە''
لۆرا کواغیلۆلۆ گفتوگۆکانی ئێستای ئاشتی لە جیهاندا وەبیرهێنایەوە و نموونەی فەلەستینیشی وەک نموونە وەرگرت و وتی: ''لە دۆخێکدا کە بۆردومان بەردەوام بێت و مافەکانی گەل پشتگوێ بخرێت، ناتوانرێت بە ئاشتی ناوببرێت''، هەروەها ئاشتی دەبێت پرۆسەیەکی درێژخایەن بێت کە ئامانجی دووبارە بونیاتنانەوەی کۆمەڵگە بێت، بۆیە پێویستە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان بە وردی لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێندرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، کە زۆرجار بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لە چوارچێوەی سیاسی خۆیان دووردەخرێنەوە و جیا دەکرێنەوە، ئەمە هەڵبژاردنێکی هۆشیارانەیە، هەروەها لۆرا کواغلیۆلۆ عەبدوڵا ئۆجالانی بە یەکێک لە گرنگترین بیرمەندانی سەردەمی ئێمە وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پارادایمی نەتەوەیی دیموکراتیک نەک تەنها بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بۆ هەموو جیهانیش گرنگییەکی زۆری هەیە.
''ژنان هێشتا بە تەواوی ئازاد نین''
ڕایگەیاند، نزیکبوونەوەی ناوەندی ڕزگاری ژنان پارادایمەکە ناوازە دەکات، هەروەها شیکردنەوەی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی پیاوسالاری زۆر گرنگە، جەختیشی لەوە کردەوە ،کە ژنان یەکەم گروپ بوون لە مێژوودا کە کۆلۆنیالیزم بوون، هەروەها هێشتا ژنان بە تەواوی ئازاد نین، ژنان قورسترین باجی شەڕ و ستەمیان داوە، توێژینەوەکانی نەسەبنامە ڕۆڵێکی بنەڕەتی لەم بوارەدا دەگێڕن و دەرفەتێک بۆ بیرکردنەوە لە مێژوو و کۆمەڵگە و زانست دەڕەخسێنن.
''نزیکبوونەوەی "سەرەتا دەسەڵات، ژن دواتر" هەڵەیە''
لۆرا کواغلیۆلۆ ڕایگەیاند، کە ڕزگاری ژنان بوارێکی دائیمی خەباتە و زۆرێک لەو ڕێبازانەی کە خۆیان وەک سۆسیالیست پێناسە دەکەن لەم بوارەدا کەم دەبنەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێبازی "دەسەڵات سەرەتا، ژن دواتر" هەڵەیە و ڕێکخستنی ژنان و پەروەردەکردنیان و دەستنیشانکردنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان گرنگن بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی، هەروەها پابەندبوونی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە ئاشتی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە شێوەیەکی گونجاو تێنەگەیشتووە و هەوڵی زیاتر لەم بوارەدا پێویستە، بۆیە پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە پارادایمێکی نوێ مومکینە، بەتایبەتی لەگەڵ گەنجان و ژنان، هەروەها ئەمە خەباتێکی درێژخایەنە.
''دەبێت بەرپرسیارێتی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە ئەستۆ بگرین''
لۆرا کواغلیۆلۆ جگە لەوەی داوای لە بازنەکانی مافی مرۆڤ لە ئەورووپا کرد، جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بنرێت، هەروەها باسی لە دەستپێشخەرییەکانی شاری جێنەوای ئیتاڵیا کرد بۆ پێدانی ڕەگەزنامە بە عەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند ، کە ئەم جۆرە هەنگاوانە هەم بۆ پرۆسەی ئاشتی و هەم بۆ تێگەیشتن لە پارادایمەکە گرنگن،لە کۆتایشدا وتی: دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرین، نەک تەنها بۆ ئازادی ئۆجالان، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی مانای ئەم پارادایمە بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.