لقی شارەزووری یەکێتی ژنان لە هەڵەبجە دەستی بە کارو چالاکیەکانی کرد
دوای ماوەیەک وەستان، ئەمڕۆ لقی شارەزووری یەکێتی ژنان لە هەڵەبجە بە ستافێکی نوێ بە فەرمی دەستی بە کارو چالاکیەکانی کردەوە،
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی لاڤە حیکمەت، سەرپەرشتیاری گشتی یەکێتی ژنان، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵبجە، لقی شارەزووری یەکێتی ژنان لە هەڵەبجە بە فەرمی دەستی بە کارو چالاکیەکانی کردەوە، ئەم لقە دوای ماوەیەک وەستان، ئێستا بە ستافێکی نوێ دەستی بە کارکردن کردووەتەوە.
لەو بارەیەوە، بیریڤان ئاوات، لێپرسراوی لقی شارەزووری یەکێتی ژنان وتی: ئەمڕۆ یەکەم چالاکیی ئێمە لە سنووری لقی شارەزوور دەستپێدەکات، کە تایبەتە بە خزمەتکردن لە بواری هونەرو ئەکادیمی. ئەمە دەستپێکێکی باشە و نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە، وەک یەکێتی ژنانی کوردستان، دەمانەوێت بە پرۆژە و چالاکیی جیاواز بچینە ناو ژنان و کار بۆ چەسپاندن و پەرەپێدانی مافەکانیان بکەین. هەروەها ئامادەین لە هەر بوارێکدا کە ژنان لە هەڵەبجە پێویستیان پێی هەیە، خزمەتیان بکەین.
وتیشی: خزمەتەکانی ئێمە بۆ هەموو ژنانە، کار بۆ سەرکەوتنی ژنان دەکەین و هەماهەنگی لەنێوان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە لۆکالییەکان دروست دەکەین، هەوڵ دەدەین ژنان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی ڕۆڵی سەرکردایەتی لە کۆمەڵگادا بگێڕن و لە هەموو سیکتەرەکاندا بەشداریی کاریگەر هەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا بێریڤان ئاوات پەیامێکی ئاراستەی ژنانی پارێزگای هەڵەبجە، شارەزوور و هەورامان کرد و وتی: دەمانەوێت دەرگایەکی نوێ بۆ ژنان بکەینەوەک، دەرگایەک کە خزمەت بە هەموو خانمانی ناوچەکە بکات، هەر ژنێک خاوەنی بیرۆکە یان پرۆژەیەک بێت، یان حەزی لە ئەندامبوون هەبێت، بەبێ هیچ جیاوازییەک لە خزمەتی ئەوانداین و بەخێرهاتنیان دەکەین.