ڕژێمی ئێران ٣٠٠ کەس زیاتری لە شەش مانگدا لەسێدارەداوە

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو ڕژێمی ئێران زیاتر لە ٣٥٤ کەسی لە سێدارەداوە، داوادەکرێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت و بێدەنگی بشکێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، بە پێی داتاکانی ڕێکخراوەکەیان لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو ڕژێمی ئێران زیاتر لە ٣٥٤ کەسی لە سێدارەداوە، داوایانکرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی ئێران هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگی بشکێنن.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە مانگی ئایار ١٤٢ کەس و لە مانگی حوزەیراندا زیاتر لە ٥٢ کەس لە سێدارەدراون، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٥٤ کەس لە سێدارە دراون، ١٤بەلووچ و پێنج دەستبەسەرکراوی کورد لە ناو ئەو کەسانەدا هەیە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، مەحموود ئەمیری، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە دژی تاوانەکانی ڕژێمی ئێران هەڵوێستیان هەبێت و چیتر بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو چەوساندنەوانەی ڕژێمی ئێران بەرامبەر گەلەکەی ئەنجامی دەدات، هەوڵبدەن بۆ ڕزگارکردنی گیانی ئەو کەسانەی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

لە دوای شۆڕشی ژینا ئەمینی، دەیان کەسی سیاسی و هاوڵاتی و چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژنان لە ئێران دەستبەسەرکران و بەشێکیان بە تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە سێدارە دراون.