زیاتر ٪٨٠ ژنان پەرلەمانتار ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

هەوڵەکان بۆ کۆتایهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان بەردەوامی هەیە، لێکۆڵینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕادەگەیەنێت.

 ناوەندی هەواڵ

 

لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی ژنان ڤۆڵکەر تورک، سەرۆکی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندووە، "هەنگاوەکان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری بەردەوامی هەیە، بەڵام دەبێت بەربەستە گەورەکان هەڵبوەشێنرێنەوە لە سیستمی پیاوسالاری بووەتە ئاستەنگ بۆ ژنان، تا بتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر لە سیاسەت و ژیانی گشتیدا بگێڕن."

 

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەو مەترسییانەی کە ژنانی چالاکوانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووس و ئەو ژنانەی لە پۆستی گشتی و بڕیارداندان ڕووبەڕووی دەبنەوە.

 

لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٣٩ وڵاتدا ئەنجام دراوە، ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕادەگەیەنێت کە دەرکەوتووە ٪ ٨١.٨ی ژنە پەرلەمانتارەکان تووشی توندوتیژی دەروونی بوون، ٪ ٤٤.٤ ژنان باسیان لەوە کردووە کە هەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژی و لێدان و ڕفاندنیان لێکراوە، سەرەڕای ئەوەش ٪ ٢٥.٥ توندوتیژی جەستەییان بەرامبەر ئەنجامدراوە.

 

توێژینەوەیەکی دیکە، کە لەلایەن یونسکۆوە ئەنجامدراوە، دەریدەخاتە کە ٪ ٧٣ی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان ڕووبەڕووی توندوتیژیی ئۆنلاین بوونەتەوە، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە، وێنە، هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و زارەکی.

 

ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاواردنی جێندەری پێویستی بە گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە و سیستماتیکی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی جێندەری و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، هەروەها پێویستە دەرفەتی زیاتر بدرێت بە ژنان بۆ ئەوەی لە کایە گشتییەکاندا خزمەت بکەن، بۆ ئەوەش پێویستی بە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە، جۆرەکانی تری هاوکاری بۆ ئەو ژنانە هەیە کە لە بواری سیاسەتەدا خزمەت دەکەن.

 

ڤۆڵکەر تورک، سەرۆکی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاندووە، "دەبێت ڕووبەڕووی ئەو تێڕوانینە کۆنانە ببینەوە کە ڕۆڵ و پێگەی ژنان تەنها لە کاری ناوماڵ قەتیس دەکەن، هاندانی ژنان بۆ بوون بە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان، ڕێوشوێنی پاراستنی کۆمەڵایەتی و هەڵمەتەکانی یەکسانی جێندەری دەتوانن هێزی بزوێنەری بن بۆ پێشخستنی یەکسانی زیاتری ژنان بە گشتی، چونکە یەکسانی جێندەری بابەتی دەستکەوت نییە بە تەنیا بۆ ژنان، بەڵکو بەدواداچوونێکی بەکۆمەڵە کە سوودی بۆ تەواوی کۆمەڵگاکان هەیە."

 

لە کۆتایشدا داوای لە وڵاتانی ئەندام و ئەنجومەن کرد، "بەڵێن بدەن کە ڕێوشوێنی کۆنکرێتی و گۆڕانکاریی بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی جێندەری دژی ژنان و کچان لە ژیانی گشتی و سیاسی، هەروەها هاندەریان بن بۆ پێشخستنی بەشداریکردن و سەرکردایەتیکردنیان."