لێبوردنی نێودەوڵەتی جەخت لەسەر پێویستی هەڵوەشاندنەوەی هەموو سنووردارکردنی تاڵیبان بۆ ژنان دەکاتەوە

لە وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری کاروباری تاڵیبان، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی گرت بۆ ڕێگریکردن لە ژنانی ئەفغانستان کە "نابێت دەنگی یەکتر ببیستن".

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ٣٠ی تشرینی یەکەم، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، ئیدوای قەدەغەکردنی قسەکردنی ژنان لەبەردەم خەڵکدا، ئێستا تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە ژنان ناتوانن ئەوەندە بە دەنگی بەرز نوێژ بکەن کە ژنێکی دیکە گوێی لێبێت.

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، ئەم سنووردارکردنانە زیاتر لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێن کە ژنان لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی هێرشی توندتر دەبنەوە بۆ سەر مافەکانیان، هەموو لایەنەکانی ژیانی ژنان بە توندی کەوتۆتە ژێر کاریگەری هێرشکردنە سەر مافەکانیان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە تاڵیبان دەستبەجێ هەموو ئەو فەرمان و کارانە هەڵبوەشێنێتەوە کە مافی مرۆڤی ژنان پێشێل دەکەن.

 

وەزیری تاڵیبان بۆ بەرەوپێشبردنی فەزیلەت و ڕێگریکردن لە خراپەکاری بڕیارێکی نوێی ڕاگەیاند کە نابێت ژنان گوێ لە دەنگی یەکتری بگرن، ئەمەش لە هەوڵێکی نوێدایە بۆ توندکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر وڵاتدا بەجۆرێک تەنانەت کاتێک ژنێک نوێژ دەکات و ژنێکی دیکە بەلایدا تێدەپەڕێت نابێت بە دەنگێکی بەرز نوێژ بکات کە ببیسترێت، وتیشی: ئەم یاسایانە نوێن و وردە وردە جێبەجێ دەکرێن.

 

پێشتر بزووتنەوەی تاڵیبان نمایشکردنی بوونەوەرە زیندووەکانی لەسەر تەلەفزیۆن قەدەغە کردبوو هەروەها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بڕیارێکی دەرکرد کە پەخشی تەلەفزیۆنی قەدەغە بکات، بەمەبەستی گۆڕینی کەناڵەکان بۆ پەخشی دەنگی لە ئەفغانستان، هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ماوەی پابەندبوون بە بڕیارەکە دوو مانگە.