لانە لە ڕێگەی هونەری وێنەکیشانەوە خزمەت بە منداڵانی خورماڵ دەکات

لانە عەزیز ماوەی یەک ساڵە بەردەوام لە ناو منداڵاندایە تاوەکو بتوانێت لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە کە وێنەکێشانە، خزمەت بە منداڵانی خورماڵ بکات، لانە دەڵێت: با دایکان و باوکان هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ هونەری وێنەکێشان.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-ژن و هونەر واتا دەبەخشن بە ژیان، ژنان بۆ جوانکردنی ژیان هەمیشە هەوڵی بەرەوپێشبردنی خۆیان لە بواری هونەردا دەدەن، زۆرن ئەو ژنانەی بە ئیرادەوە تێکەڵ بە هونەر دەبن، هەمیشە ڕێگەیەک دەدۆزنەوە بۆ بەردەوامیی و نەوەستان لە بواری هونەردا، هونەری وێنەکێشان بۆ ژنان تەنها نەخشاندنی تابلۆیەک نییە بەڵکو ئازارو مەینەتی و هێزو تاوانای ژن نیشان دەدات، یاخود بە وێنەکێشان پاڵپشتی نەتەوە، ژینگە، منداڵان دەکەن و دەبنە هۆی دڵخۆشکردنی دەورووبەریان و دیمەنێکی جوان دەخەنە بەرچاوی ئاشقانی هونەر.

 

لانە عەزیز دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجەیە، بەشی شێوەکاری لە سالی ٢٠١٨ تەواو کردووە، دەستی بە نیگار کیشان کردووەو وەک خۆی ئاماژەی پێکرد سەرکەوتووە، لانە لە ئێستادا کە لە سەنتەری پاراستنی منداڵانی خورماڵ کار دەکات قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: وا بۆ ساڵێک دەچێت لێرە کار دەکەم، مامۆستای هونەرم و وانەی هونەری شێوەکاری بە فێرخوازانی سەنتەرەکە دەڵێمەوە، هەروەها لێرە بە ئاستێکی ئەکادیمی زۆر باشدا تیدەپەڕن و ڕۆژانە منداڵەکان فێری چۆنیەتی دانانی ڕەنگەکان و دانانی هێڵەکان دەبن، ئەو وانانەی کە پەیوەستە بە هونەرەوە هەر لەکاری دەستییەوە تادەگاتە هونەری هێڵکاری و وینەکیشان، ئاستی زۆر بەرزیان هەیەو لیرە منداڵەکان زۆر بەباشی فیر دەبن، لەداهاتوودا هەول دەدەین لە پێشانگا نیودەوڵەتیەکاندا بەشداریان پێبکەین.

 

"منداڵان سەرەتا هاتن نەیاندەزانی وێنە بکێشن"

مامۆستا لانە کەماوەی ساڵێکە لەم سەنتەرە وانەی هونەری شێوەکاری دەڵێتەوە وتی: سەرەتا منداڵەکان کەهاتن ئیشمان پێ دەکردن بەلایانەوە زۆر قورس بوو، بەڵام ئێستا هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵیان ئیشمان کردو توانیمان ئاستی باشمان هەبێت، لە ئیستاداو زۆربەی ئیشەکان کە پیشانی بینەر دەدەین زۆر بەتایبەت ئەوانەی کە دێنە سەنتەرەکە ئیشەکانیان بە جوان دەبینن و خۆشیان لە ئیشەکانیان ڕازین، منداڵەکان بەرەو ئاستی باشتر چوون.

 

"ژووری هونەر دەبێت ئارام بێت"

سەبارەت بەوەی کە توانیویەتی کەشێکی ئارام بۆ منداڵەکان دروست بکات مامۆستا لانە عەزیز وتی: ژووری هونەر خۆی دەبێت کەشەکەی زۆر ئارام بێت، بۆ ئەوەی میشک و دل و دەروونیان ئارام بێت و ژینگەکەش لەبار بێت بۆیان بۆ ئەوەی ئاستیان بەرزتر بکەنەوە، منداڵان دنیایەکی پاکیان هەیە، دەبێت نەرم و نیان بیت لەگەڵیانداو خولیایان هەرچیەکە هانیان بەدەن بۆ بەرەوپێشچوون.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا مامۆستا لانە عەزیز پەیامی بۆ دایک و باوکان ناردو وتی: پەیامم ئەوەیە، دەستی منداڵەکانیان بگرن، پشتگیریان بکەن و هانیان بدەن، بۆ ئەوەی بزانن منداڵەکەی خۆی لە چیا دەبینیتەوە پشگیری بکات، لەگەڵی بێت تا بتوانن ئەو خەونەی کەهەینە بەدیبهێنن.

 

سەنتەری پاراستنی منداڵانی خورماڵ ساڵێکە دامەزراوەو ڕۆژانە ١٥٠ منداڵ روو لە سەنتەرەکە دەکەن بۆ فیربوون.