لافاوێکی وێرانکەر هەزاران کەس لە ناوەڕاستی سودان ئاوارە دەکات

ئەو لافاوە وێرانکەرەی کە بەهۆی بارانی وەرزی زۆرەوە سودانی گرتەوە، نزیکەی چوار هەزار و٢٥٠ کەسی ناچار کرد ئاوارە بن و قەیرانی مرۆیی قوڵتر کردووەتەوە.

ناوەندی هەواڵەکان

 

سودان ساڵانە لە وەرزی بارانباریندا، کە لە مانگی حوزەیران تا تشرینی یەکەمەوە دەخایەنێت، لافاوێکی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە، هەروەها زیانی گیانی و ماددی زۆری لێدەکەوێتەوە.

 

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ڕۆژی ١٤ی ئەیلوول ڕایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە ناوچەی ئوم قوڕە لە پارێزگای جزیرەی ناوەڕاستی سودان لافاو دروست بووەو بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی ٨٥٠ خێزان و ڕووخانی ٥٥٠ خانوو لە گوندی "میجەر٦".

 

ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، ڕایگەیاند کە گروپە مەیدانییەکان تێبینی وێرانکارییەکی بەرفراوانیان کردووە لەو ناوچەیەدا، کە ژمارەیان چوار هەزار و ٢٥٠ کەسە و ناچار بوون پەنا ببەنە ناوچە کراوەکانی ناو گوندەکە.

 

ئەم کارەساتە سروشتییە لە کاتێکدایە کە سودان بەدەست ئاسەوارەکانی شەڕی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەناڵێنێت لە ناوەڕاستی نیسانی ٢٠٢٣ەوە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە و نزیکەی ١٥ ملیۆن کەسی دیکەش ئاوارە بوون.

 

توێژینەوەیەک کە لەلایەن زانکۆکانی ئەمەریکا ئەنجامدراوە دەریدەخات ژمارەی مردووان لەوانەیە بگاتە نزیکەی ١٣٠ هەزار کەس.