"لە زینداندا ژنان مامەڵەی خراپیان بەرامبەر دەکرێت"

ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی ڕایگەیاند، ئەشکەنجەی پشکنینی جلوبەرگ دژی دایکانی کورد جێبەجێ دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئامینە کایەی٥٤ ساڵ، نەزعەت بۆلەک ٥٨ ساڵ، سارا کایا ٥٩ ساڵ لە کاتی چوونە ناو زیندانی جۆری  Mی ئیلح ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ و پێشێلکردنی مافەکانیان دەبنەوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، ئەو دایکانە لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ زیندانەکە دووچاری ئەشکەنجەی پشکنینی جلوبەرگ دەبنەوەو بەرامبەر ئەشکەنجەی پشکنینی جلوبەرگ ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بۆ چەند کاتژمێرێک لە شوێنێک کە پێی دەوترێت کولبەی چاوەڕوانی ڕاگیراون و پاشان براون بۆ زیندانی کاتیی، سێ دایک کە ١١ی تەمووز دەستبەسەرکراون، لە ١٨ی تەمووزەوە تا ئێستا لەو زیندانە کاتیی گیراون.

 

دەم پارتی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە ڕۆژی یەکەمەوە تەنها سێ نان وەک خۆراک بە دایکەکان دراوە، هەروەها بەتانی و سەرینی بەکارهاتوو و پاکنەکراوەیان پێداون، پاش ماوەیەکی زۆر بەتانی و سەرینی پاکیان پێ داون، ئەو دایکانە خوێندەوارییان نییە، کەچی لەپێناو دابینکردنی پێویستییەکانیان داخوازینامەی نووسراویان بەسەردا دەسەپێنن، بۆیە دایکان بۆ ماوەیەکی درێژ نەیانتوانی پێویستییەکانیان بەدەست بهێنن، هەروەها لە ١٦ی تەمووز، دوو کاتژمێر لەژێر ناوی پشکنیندا هەموو شتەکانی دایکان لەلایەن پاسەوانەکانەوە پەرش وبڵاوکران و لەکاتی پشکنینەکەدا دایکان کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەبوو لە گەرمای تاقەت پڕووکێنەری ڕۆژدا وەستێندران.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی هاتووە: جگە لەوە پاسەوانەکان زۆرکات بە ئاسن و تەنە ڕەقەکان لە دەرگاکان دەدەن، بەمەش دایکانی زیندانیکراو بێزاردەکەن و دەیانترسێنن، ئێمە ئەو کارانەی ئێوە کە بەپێی یاسای دوژمنایەتی دەیسەپێنن، قبوڵ ناکەین، دەستبەجێ کۆتایی بەم کارە نایاساییانە بهێنن و دایکان ئازاد بکەن.