لە ڕۆژئاوای یەمەن بەهۆی بارانەوە زیاتر لە ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا

باران بارینی بەخوڕ و لافاو بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٣٠ کەس و بێسەروشوێن بوونی ٥ کەس لە یەمەن.

یەمەن

 

دوای ئەو بارانە بەخوڕانەی لە یەمەن باری، ڕۆژئاوای یەمەن کارەساتێکی نوێی بەخۆیەوە بینی و زیاتر لە ٣٠ حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکرا و ٥ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی کە دوێنێ بڵاوکرایەوە، گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٣٠ کەس ڕاگەیەندراوە، هاوکات ٥ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی دانیشتوانی زیاتر لە ٥٠٠ ماڵ دوای ڕووخانیان، هەروەها لافاوەکە بووە هۆی داخستنی زۆرێک لە ڕێگاکانی شارەکە کە دەکەونە سەر دەریای سوور.

 

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ئەو باران بارینە بەخوڕ و لافاوە بەخوڕەی کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە شاری حەجا ڕوویداوە، زیانی بە نزیکەی ٨ هەزار ماڵ گەیاندووە.

 

ڕۆژی ٢٨ی تەمووز، حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە، ڕایگەیاند، چوار قەزای شاری حەجای باکووری بە ناوچەی کارەساتبار دادەنرێت بەهۆی ئەو باران و لافاوانەی کە لە سەرەتای هەفتەوە ناوچەکەی گرتووەتەوە و لە ئەنجامدا نزیکەی دوو هەزار خێزان زیانیان بەرکەوتووە.

 

کەشناسییەکان ڕایانگەیاندووە، ئەو بارانە بەخوڕانەی بەر ناوچەی حەجا و حودەیدە کەوتووە، لە ئەنجامی بایەکی توندەوە بووە.

 

ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی ئەوەی کردووە کە لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی ئەم مانگەدا یەمەن بەڕێژەی ٣٠٠ ملم لە سەرانسەری بەرزاییەکانی ناوەڕاست و باشووردا بارانی لێباریوە.