لە ئێراندا قەیرانی کەمی کارمەندی تەندروستی قووڵتر دەبێتەوە
یاریدەدەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرستاریی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە سێ هەزار پەرستار دەستیان لە کار کێشاوە، کارەکانیان جێهێشتووە یان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.
ناوەندی هەواڵ _ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرستاریی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە سێ هەزار پەرستار لە کارەکانیان دەرچوون، دەستیان لە کار کێشایەوە یان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم دۆخە بووەتە یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی سیستەمی تەندروستی لە وڵاتدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو کە کەمبوونی ژمارەی پەرستاران تەنها کێشەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کوالێتی چاودێریی تەندروستی و ئاسایشی نەخۆشان هەیە. هۆشداریش درا کە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، لەوانەیە سیستەمی چاودێریی تەندروستی ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیستەمی ببێتەوە.
کەمی کادری پسپۆڕ هەڵەکانی چارەسەری زیاد دەکات
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە کرا کە بۆشایی پەرستاران بارودۆخی کار و ئەركی کارمەندانی تەندروستی زیاتر قورس دەکات. هەروەها باس کرا کە لە ماوەیەکی درێژخایەن دا دەتوانێت ببێتە هۆی ماندووبوونی پیشەیی، زیادبوونی هەڵەکانی چارەسەرکردن و هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردنی نەخۆشان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پاراستنی کارمەندانی پەرستاری بۆ بەردەوامی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی زۆر گرنگە، و ئاماژەش بەوە درا کە لەدەستدانی ئەم کارمەندانە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایشی سیستەمی تەندروستی دەکات.
ماف و مووچەی دارایی
هەروەها وترا کە کێشەکانی بواری پەرستاری تەنها بە مووچە و مافە دارایییەکانەوە سنووردار نین، بەڵکو بۆ ڕێگریکردن لە قەیران پێویستی بە سیاسەتە فراوانترەکان هەیە. ئاماژە کرا کە هەنگاوەکانی وەک باشترکردنی مەرج و دۆخی کار، کەمکردنەوەی خزمەتە قورسەکانی شەونخونی و چارەسەرکردنی کەمی کادری کار دەبنە هۆی ئەوەی پەرستاران لە پیشەکەیاندا بمێننەوە.
شارەزایانی بواری تەندروستی ئاماژە دەدەن کە ئەگەر دۆخی ئێستا بە هەمان شێوە بەردەوام بێت، بۆشایی نێوان پێداویستییەکانی نەخۆشان و توانای کارمەندانی سیستەمی تەندروستی گەورەتر دەبێت. بە پێی بۆچوونی ئەو شارەزایانە، پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە لە ماوەیەکی کورتدا زۆر دژوار دەردەکەوێت