لە ئێران ئەکتەرێكی کورد سزای زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندرا

پارێزەری شۆهرە قەمەر، ژنە ئەکتەری کوردی بواری سینەمای خەڵکی شاری سنە ڕایگەیاند لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە سزای زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندرا، دەشڵێت، داوای بپێداچوونەوەمان لە دژی بڕیارەکە کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

عەلی شەریف زادە ئەرکانی پارێزەری شۆهرە قەمەر ئەکتەری سینەمایی لەبارەی سزادانی شۆهرە قەمەر لە لایەن هێزە ئەمنیەكانی ئێران بەمجۆرە زانیاریی خستەڕوو ڕایگەیاند، رۆژی شەممەی ڕابردوو شۆهرە قەمەر ئەکتەری كوردی بواری سینەمای خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری تاران لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای سێ ساڵ و ٢٠مانگ زیندانیی کردنی بەسەردا سەپێندرا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنە ئەکتەرە بە تۆمەتی “پشتگیری لە ئیسرائیل و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست لە پشتگیری شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی و تێکدانی ئاسایشی گشتی”سزا دراوە، هەروەها داوای پێداچوونەوەمان لە دژی بڕیارەکە کردووە.

 

 لە ڕۆژی ٥ـی ئابی ٢٠٢٣، شۆهرە قەمەر ئەکتەری سینەما  لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کرا و لە دوای ٤٢ ڕۆژ مانەوەی لە زیندانی ئەوین بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر بە هۆی پشتگیری کردن لە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" بە ١٥ مانگ زیندانیی کردن سزا درا بوو.