لە ئێران هێشتا نوێکردنەوەی پاسپۆرتی ژنان بەندە بە ڕەزامەندی پیاوانەوە

ژنانی ئێرانی بۆ ئەوەی بتوانن گەشت بکەن، پێویستە مۆڵەت لە هاوژینەکانیان کە پێشتر هاوسەرگیریان لەگەڵدا کردوون یان لە ئەندامێکی پیاوی بنەماڵەکەیان وەربگرن، بۆ ئەوەی پاسپۆرتەکەیان نوێ بکەنەوە، ڕەزامەندی هاوژینەکانیان پێویستە.

سەبا مەجیدی

 

کرماشان-ژنانی ئێران ئەگەر تەمەنیشیان گەورە بێت و پاسپۆرتی کارایان هەبێت، دەبێت بۆ گەشت کردن و جێهێشتنی وڵات مۆڵەت لەو پیاوانە وەربگرن کە پێشتر هاوسەرگیرییان لەگەڵدا کردوون و جیابوونەتەوە، هەروەها بۆ وەرگرتن یان نوێکردنەوەی پاسپۆرت مۆڵەتی هاوژینەکانیان پێویستە، زۆرجار لەلایەن ئەو پیاوەی کە هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە، ڕێگری لە ژنێک دەکرێت کە پاسپۆرتەکەی وەربگرێت.

 

گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەم دواییانەدا لە ئێراندا بڵاوبووەتەوە، باسی لێوە دەکرێت، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ژنێک داوای لابردنی ئەو یاسایانە دەکات کە ڕێگە بە پیاوان دەدات کۆنترۆڵی ژنان بکەن لە بابەتی بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەک پاسپۆرتدا، ئەو ژنەی کە دەیەوێت مۆڵەتی هاوژینەکەی بۆ نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکەی لاببات، ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆخە دژی مرۆڤایەتییە و لە هەمان کاتدا سووکایەتیکردنە بە خۆی و هاوژینەکەی.

 

"من کەسێکی سەربەخۆم، کەسێکی تێگەیشتووم"

 ئەو ژنەی خۆی بە 'مینا' ناساندووە، وتی: ئەم فۆرمەی دەیبینیت فۆڕمی نوێکردنەوەی پاسپۆرتە و ئەم بەشە لاوەکییە دەبێت لەلایەن هاوژینەکەمەوە پڕبکرێتەوە و واژۆی لەسەر بکات، هەروەها ڕێگەم بدات پاسپۆرت وەربگرم، من کەسێکی سەربەخۆم و کەسێکی تێگەیشتووم، توانای بەڕێوەبردنی خۆم و خێزانەکەمم هەیە، دەمەوێت یەکسانیم هەبێت و وەک مرۆڤێک سەیر بکرێم، ئەم پڕۆسەیە کات دەگرێت و  ئەم دۆخە قبوڵ ناکرێت.

 

"ئەو ژنانەی هاوسەرگیریان نەکردووە لە یاساکەدا هەن"

لە ڕاستیدا ئەم کارە تەنها بۆ ئەو ژنانەی کە هاوسەرگیریان کردووە لە وڵاتدا کاریگەر بوو، بەڵام لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ یاسا پەیوەندیدارەکان فراوانتر کران و ئەو ژنانەشی هاوسەرگیریان نەکردووە خرانە نێو ئەم یاسایانەوە، دەبێت ژنانی هاوسەرگیری نەکردوو مۆڵەت لە باوک و برایان وەربگرن بۆ ئەوەی بچنە دەرەوەی وڵات، هەرچەندە ئەم کارە جارجارە داکۆکیکارانی مافی ژنان و بەشێک لە پەرلەمانتارانی ژنی کۆکردۆتەوە، بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ ژنان لەو وڵاتەدا نەنراوە، ئەم پراکتیزەیە ژنان لە پێگەیەکی وابەستە و ژێردەستەییدا دەهێڵێتەوە و ئازادیی هاتوچۆیان لێ زەوت دەکات، ژنان لە ئێران دەیانەوێت یاساکە بگۆڕدرێت، ئەوان گرنگی خەبات لەو بوارەدا دەردەبڕن.