لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی سودان ٢٣ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ئەنجامی تۆپبارانی سەر شاری فاشر لە ڕۆژئاوای سودان ٢٣ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و ٦٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو شەڕەی لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ لە سودان سەریهەڵدا، دەیان هەزار گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە و هێشتا ژمارەی ڕاستەقینەی کوژراوانی ململانێکان ڕوون نییە، بەڵام بەپێی وتەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سودان، بە ١٥٠ هەزار مەزەندە دەکرێت.

 

دوێنێ  لیژنە ناوخۆییەکانی سودان ڕایانگەیاند، ٢٣ کەس لە شاری فاشر، ناوەندی ناوچەی دارفۆری باکوور لە ڕۆژئاوای وڵات گیانیان لەدەستدا و ٦٠ کەسی دیکەش لە ئەنجامی تۆپباران کە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەنجامدرا برینداربوون.

 

فاشر تاکە پایتەختی پێنج ویلایەتی دارفورە کە لەلایەن هێزی ئاسمانی بەریتانیاوە کۆنترۆڵ نەکراوە،شارەکە کە پێشوازی زۆرێک لە پەنابەران دەکات، وەک ناوەندێکی مرۆیی بۆ ئەو ناوچەیە فراوانە کە بەهۆی برسێتیەوە مەترسی لەسەرە.

 

بەڵام لە ١٠ی ئایاردا شەڕی توندوتیژی سەریهەڵدا و ترسی گۆڕانکاری نوێی "نیگەرانیکەر" لە ململانێکاندا زیادکرد، لای خۆیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا داوای کۆتایی هێنان بە "گەمارۆدانی" شاری فاشر لە لایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرای کرد.

 

چەند ڕۆژێکە شارەکە لەژێر بۆردوماندایە، دووشەممەی ڕابردوو، لیژنەکانی بەرخۆدانی فاشر ڕاپۆرتیان دا کە ٦٥ کەس لە نێوان ٢٧ی تەمووز تا ٢٩ی تەمووز بەهۆی تۆپبارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا گیانیان لەدەستداوە.