لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەکانی باشووری لوبنان ژنێک گیانی لەدەستدا
لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان ژنێک گیانی لەدەستداو ژمارەیەک کەسی دیکەش کە منداڵیان تێدایە بریندار بوون.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/06/20240602-bordwman-jpg369b0d-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
دوای چەند کاتژمێرێک لە بانگەشەی هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل، هێزەکانی ئیسرائیل گوندەکانی باشووری لوبنانیان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەستداو ژمارەیەک کەسیش برینداربوون کە منداڵیشیان تێدایە.
بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی لوبنان، هێرشەکەی ئیسرائیل کە گوندەکانی باشووری لوبنانی گرتەوە، دوێنێ شەممە، ١ی حوزەیران، ٧ برینداری لە شارۆچکەی سدیقین لە ناوچەی سور، و ١٦ منداڵ لە تەمەنی ٤ بۆ ١٤ ساڵ بەهۆی برینداربوونەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
هێرشەکە کە لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیلەوە ئەنجامدرا، گەڕەکێکی گوندەکەی کردە ئامانج کە لە نزیک مالان بووە، هەروەها بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەکانی ئەدلون و سدیقین بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژنێک.