لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاگرێکى فراوان لە ئامێدى کەوتووەتەوە

بەهۆى تۆپبارانکردنى گوندى سەرگەلى لە شارۆچکەى ئامێدى سەر بە پارێزگاى دهۆک، ئاگرێکى فراوان کەوتووەتەوە و زیانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتى تورکیا لەم دواییانەدا هێزێکى سەربازى هێناوەتە سنوورى دهۆک و داوا لە هاوڵاتیان دەکات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە ڕۆژانە تۆپباران و بۆردوومانى سنوورەکە دەکات، ئەمەش زیانێکی گەورەی ماددی و گیانی بە گوندنشینان گەیاندووە.

 

لە درێژەی هێرشەکانیشدا ئەمڕۆ ٤ی تەمووز دەوڵەتی تورکیا تۆپبارانی گوندی سەرگەلى لە شارۆچکەى ئامێدى سەر بە پارێزگاى دهۆک کرد و بەهۆیەوە ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە.

 

ئاگرەکە هێندە فراوان بوو، نزیک بووەتەوە لە ماڵى دانیشتووانی گوندەکە و ئەوەش مەترسى لەسەر ژیانیان درووستکردووە، هەر بۆیە دانیشتووانى ناوچەکەش داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هانایانەوە بچن.

 

ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانیش، دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆردوومانی سنوری گوندی گوهەرزێی سەر بە شارۆچکەی ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد، بە هۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە پووش و پاوان و دارستانی ناوچەکە کەوتەوە.