لە یەمەن زیاتر لە ٦٠٠ هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن

چوار ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیان کردەوە کە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار منداڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێداندراون، بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

چوار ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان " یونیسێف، FAO، بەرنامەی خۆراکی جیهانی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی" دوێنێ ١٨ی ئاب لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، ڕێژەی بەدخۆراکی توند لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن لە ماوەی ئەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٣٤% بەرزبووەتەوە و هۆشدارییان دا کە بە خێرایی زیاد دەکات و بۆ یەکەمجار گەیشتووەتە ئاستێکی گرنگی پێدان.

 

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەدخۆراکی توند لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیدا بە خێرایی زیاد دەکات، لەگەڵ کەناری ڕۆژئاوا کە زۆر مەترسیدارە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار ٥ ساڵەوە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ٦٠٠ هەزار منداڵ، لەناویاندا ١٢٠ هەزار منداڵ کە بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن.

 

پێشبینی دەکرێت هەر ١١٧ شارۆچکەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی یەمەن لە ماوەی نێوان مانگی تەمووزی ڕابردوو و تشرینی یەکەمی داهاتوودا، کە چالاکیی کشتوکاڵی تێیدا کەمترین ئاستە، شایەتی ئاستی مەترسیداری بەدخۆراکی توند بن.

 

ئەو چوار ڕێکخراوە داوای پاڵپشتی بەپەلە و بەردەوامی نێودەوڵەتی و هەنگاوی خێرایان کرد بۆ چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی بەدخۆراکی توند، لە ڕێگەی بەهێزکردنی سیستمەکانی ئێستا لە بوارەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، خۆراک، ئاو، پاکوخاوێنی.

 

جەخت لەوەکرایەوە، کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە نزیکەی ١٠ ساڵە بەردەوامە و گەڕاندنەوەی ئاشتی زۆر گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و بونیادنانی خۆڕاگری گەلی یەمەن، کە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دووبارە ئاوارەبوون و تێکچوونی ئابووری و کۆمەڵایەتی وێران بوون.