لە یەمەن ژنان بە هۆی نایەکسانی لە بارودۆخێکی سەختدا کار دەکەن
ماریا ڕەشید، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی لیژنەی نیشتمانیی ژنان، جەختی لە گرنگی دابینکردنی کەشێکی کارکردنی گونجاو بۆ ژنان کردەوە و وتی: پێویستە ئەم دەرفەتە لە دامودەزگاکانی دەوڵەت لە یەمەن دروست بکرێت.
هالە حاشیدی
یەمەن- سەرەڕای بوونی یاسا و مافە دیاریکراوەکان، هێشتا ژنان لە مافە سەرەکییەکان بێبەشن, یەکێک لەوانە ئەوەیە کە بتوانیت لە دۆخێکی باش و سەلامەتدا کار بکەیت، شارەزایان و کۆمەڵناسان پشتڕاستی دەکەنەوە کە پێویستە لە هەموو دامودەزگاکاندا مەرجی گونجاو هەبێت و هاوسەنگی لەگەڵ ئەو کارانەی ئەنجام دەدرێن هەبێت، چونکە لە مێشکی پیاودا هەموو شتێک بەپێی پێویستی پیاو ڕوودەدات، بەهۆی ئەمەوە نایەکسانی و هەڵاواردن ڕوودەدات و ژنان دەچەوسێندرێنەوە.
شارەزایان دەڵێن، بۆچوونی نەرێنی پیاوان سەبارەت بە بڕیارەکانی ژنان و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا وایکردووە ژنان لە سیاسەتە گشتییەکان پشتگوێ بخرێن.
"دۆخی ئابووری سەخت کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەیە'
سەبارەت بەو پرسە ماریا ڕەشید، بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی لیژنەی نیشتمانیی ژنان وتی: ژنانی کرێکار لە دامودەزگا حکومییەکان بەتایبەتی لە بواری ژێرخانی و ئاوەدانکردنەوەدا، بە چەندین ئاستەنگیدا تێدەپەڕن و کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانیان دەبێت، ئابووری سەخت و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت بۆ وڵاتانی دیکە بووەتە هۆی داڕمانی لیرە و کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەبووە، لە ئێستادا کرێی فەرمانبەران بەس نییە بۆ پێداویستیەکانیان، بۆیە فشار لەسەر ژنانی کرێکار زیادبوون و کارەکان لە زیادبووندان و لە ئاستی پێویستدا نین.
"هەوڵدەدەین ستراتیژی ٥ ساڵە بخەینەڕوو"
ماریا ڕەشید ئاماژەی بەوەدا، بودجەی لایەنەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و وتی: لیژنەکەمان وەک حزبێکی فەرمی لەهەوڵی ئەوەدایە بۆ ماوەی ٥ ساڵ ستراتیژێکی گشتی بخاتەڕوو و چارەسەری ئەو کێشانە بەتایبەت لەگەڵ کەیسەکانی ژنان بکات، ستراتیژەکە بریتییە لە دامەزراندنی ژێرخان، دروستکردنی باخچەی ساوایان بۆ ژنانی کرێکار، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتگیریکردنیان لە کاتی دەوامدا، لە دامودەزگا حکومی و ئەهلییەکاندا باخچەی ساوایان کەمە، بۆیە بارگرانی دایکانی کرێکار قورس دەبێت، سەرەڕای ئەمەش لیژنەی نیشتمانی ژنان زۆر هەوڵ دەدات بۆ بونیادنانی ئەو پڕۆژانە، بەڵام پێویستی بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەیە، پاڵپشتی ئابووری هۆکاری سەرەکی زیادکردنی بودجەی تایبەتە لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەت.
"کەشێکی گونجاو بۆ ژنان دروستبکرێت"
ماریا ڕەشید وتیشی: تەنانەت ئەگەر دامودەزگاکانی دەوڵەت ئاگاداری گرنگی کێشەی ژنان بن، ئەم هۆشدارییە بەتەنها بەس نییە، لیژنەی نیشتمانی ژنان لە هەوڵی بەهێزکردنی ئەو هۆشدارییانەدایە لەڕێگەی ئیدارە گشتییەکانەوە و سەرکردایەتیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت بۆ باشترکردنی دۆخەکە، چونکەگرنگ ئەوەیە کە پێداویستییەکانی ژنانی کرێکار لەبەرچاو بگیرێن.
لە کۆتاییدا ماریا ڕەشید وتی: پێویستە کەشێکی گونجاو بۆ ژنان دروست بکرێت و گۆڕانکاری پێویست بکرێت بۆ ئەوەی ژنان بتوانن مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن.