لە یەمەن هەڵمەتی هۆشیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت
لە وڵاتێکدا کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی قەیرانی کەڵەکەبوو بووەتەوە، هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی وەک یەکێک لە مەترسییە ڕاستیەکان دەردەکەوێت، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر ژنان و منداڵانی کچ هەیە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵمەتی هۆشیاری دەستیپێکردووە.
ڕەحمە شەنزور
یەمەن- کۆمەڵەی دایکانی ڕفێندراو هەڵمەتێکی بەربڵاوی بۆ نمایشکردنی نامیلکەی هۆشیاری لە چەند شارێکی یەمەن دەستپێکرد، ئەم دەستپێشخەرییە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شێوازە پەرەسەندووەی توندوتیژی دیجیتاڵییە و پێشخستنی بوونی پارێزراوی و متمانەبەخۆبوونی ژنان لە کایەی دیجیتاڵیدا، هەڵمەتەکە کە چوار ڕۆژ لەمەوبەر دەستیپێکرد، بەشێکە لە پرۆژەی پاراستنی شوێنی مەدەنی و ژنان و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەی ئاشتیدا، ئەم پڕۆژەیە ئامانجی دروستکردنی سەکۆیەکی پاراستنی دیجیتاڵیە بۆ زۆرێک لەو ژنانە کە خۆیان لە نێوان ترسی کۆمەڵایەتی و ناتەواوی ئامرازە یاساییەکان دەبیننەوە.
دیاردەیەک کە لە بێدەنگیدا گەشە دەکات
لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین شاری یەمەن شایەتی زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی ڕەشبگیری ئەلکترۆنی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لە نێوان خوێندکارانی کچ، چالاکوانان و ئەو ژنانەی کە تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ کار، خوێندن، یان بەشداریکردن لە کۆمەڵگە بەکاردەهێنن.
ڕێکخراوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن، کە ساڵانە سەدان سکاڵایان پێدەگات، بەڵام زۆرینەی ڕەهای قوربانییەکان نایەنە پێشەوە، لە ترسی دەنگۆ یان کاردانەوەی خێزانەکانیان یان کۆمەڵگەکانیان.
چالاکوانان وتیان: لە زۆر کەیسدا ڕەشبگیری خاوەنی هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو وێنە دروست دەکات یان چیرۆک دادەڕێژێت، سەرەڕای ئەمەش قوربانییەکان تووشی ترس و بێدەنگی دەبن، ئەمەش ڕەشبگیرکەرەکە بەهێز دەکات، ئەمەشە کەڕێگەیان پێدەدات ڕەشبگیرییەکە دووبارە بکەنەوە و داواکارییەکانیان پەرەپێبدەن.
ئەلحان شەیبانی چالاکوانی کۆمەڵایەتی ڕوونی دەکاتەوە کە ڕەشبگیری ئەلیکترۆنی بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو و یەکێکە لە مەترسیدارترین ئامرازەکان کە بۆ بەئامانجگرتنی ژنانی یەمەن بەکاردێت، وتی: ڕەشبگیری ئەلیکترۆنی جۆرێکە لە توندوتیژی دیجیتاڵی دژی ژنان، کە ئەنجامدەرەکە وێنە، ڤیدیۆ، یان زانیاری کەسی دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی زیانلێکەوتووەکە ناچار بکات ملکەچی بێت.
ڕوونیکردەوە، بیانووی سەرەکی کە بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی ڕەشبگیری ترسە، ترسیش وا لە کچێک دەکات دوودڵ بێت لە ڕاپۆرتکردن، ترسی لە ناوزڕاندن، خێزانەکەی، یان کۆمەڵگە هەیە، لەکاتێکدا ڕەشبگیری دەسەڵات بەدەستدەهێنێت، چونکە تێدەگات کە ترسەکەی چەکی سەرەکییەکەیەتی.
ئاماژە بەوەش دەکات، یەکەم هەنگاو کە زیانلێکەوتووەکە بیگرێتەبەر ئەوەیە کە خێزانەکەی ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی بە تەنها ڕووبەڕووی دۆخەکە نەبێتەوە، دواتر پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بکات، ئەگەر هەبوون، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، هەنگاوی یەکەم کە پێویستە ژنان بیگرێنەبەر، ئاگادارکردنەوەی خێزانەکەیە، دواتر پەنا بۆ لایەنی پەیوەندیدار دەبات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕاگرتنی تاوانەکە.
ئەلحان شەیبانی داوای دامەزراندنی ناوەندی تایبەتمەند دەکات لە هەموو شارێکدا، وتی: پێویستمان بە یەکەی ڕاستەقینە و کاریگەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەشبگیری ئەلیکترۆنی، کە بە گروپی تەکنیکی و دەروونی و یاسایی تەیارکراون، نەک تەنها فەرمانگەکان بۆ وەرگرتنی سکاڵا و دواتر داخستنی.
پشتگیری کۆمەڵگە... شەڕێک کە پێویستی بە هەموو کەسێکە
ئەلحان شەیبانی، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە چالاکوانان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە پشتیوانیکردنی زیانلێکەوتووەکان و بەدواداچوون بۆ کەیسەکانیان، بەڵام هەوڵی تاکەکەسی بەس نییە، هەروەها وەک چالاکوانان کاردەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان و منداڵانی کچ لە بەدەستهێنانی مافەکانیان و دڵنیابوون لەوەی هیچ کەیسێکی ڕەشبگیری بێ چارەسەر نەمێنێت، نابێت ژنان دەستبەرداری مافەکانیان بن، ئێمەش لە تەنیشتیان دەمێنینەوە تا دەگەینە چارەسەرێک کە سنووردارکردنی ئەو دیاردە مەترسیدارە بکات.
پێی وایە ئەو تابلۆیانە کە لە شەقامەکاندا نمایش دەکرێن، ئەو ماددانەی لە ماڵپەری تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاودەکرێنەوە، وۆرکشۆپ و خولەکان سیستەمێکی یەکگرتوو بۆ گەیاندنی پەیامەکە پێکدەهێنن، وتی: هیوادارین کۆمەڵگە لەگەڵ ئەو تابلۆی هۆشیارییانەی کە ئێستا نمایش دەکرێن و ئەو کەرەستانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاودەکرێنەوە، جگە لە وۆرکشۆپ و خول و بەرنامە هۆشیاریەکان بەشداری بکەن، کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانەوە جێبەجێ دەکرێن، هەروەها هیوادارین ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان بەشداربن لە گەیاندنی پەیامەکە و ئەم هەوڵانە ببێتە ئامرازێکی ڕاستەقینە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لەناو کۆمەڵگە و لە ناو خودی زیانلێکەوتووەکان.
هەراسانکردن پەڵەیەکی قووڵی دەروونی بەجێدەهێڵێت
شەیما سەماعی، دەروونناس لە ڕوانگەیەکی دەروونییەوە شیکاری بۆ ئەو دیاردەیە دەکات و باس لەوە دەکات کە ڕەشەبگیری ئەلیکترۆنی کاریگەری ڕاستەوخۆ و ڕاستی لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵنی کچ هەیە، ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆرێک لە زیانلێکەوتووەکان هەر لە یەکەم ساتەوەختەوە کە تووشی ڕەشەبگیری دەبن، تووشی ناڕەحەتی دەروونیش دەبن.
ڕوونی دەکاتەوە، کاتێک منداڵێکی کچ ڕووبەڕووی ڕەشەبگیری ئەلیکترۆنی دەبێتەوە، نیشانە ڕوونەکانی ناڕەحەتی دەروونی دەردەکەون، وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، هەندێکجار بگاتە قۆناغی شۆک، منداڵەبکچەکە لە هاوڵاتیان دابڕاوە، متمانە بوونی بەخۆی و خۆبەگەورەزانینی کەم دەبێتەوە، هەروەها متمانەی بە کەسانی دەوروبەری لەدەست دەدات، بیرکردنەوە نەرێنییەکان دەست دەکەن بە کۆنتڕۆڵکردن.
ئاماژە بەوە دەکات، کە ترس لە دەنگۆ دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵێکی کچ لە گۆشەگیرییەکی تونددا بژی، ئەو ژنە زیاتر خۆپارێز دەبێت، زیاتر دڵەڕاوکێ دەبێت لە دەوروبەری هاوڵاتیان، متمانەی بە خێزانەکەی یان هاوڕێکانی لەدەست دەدات و خۆبەگەورەزانینی دەست دەکات بە داڕمان، ئەگەر منداڵە کچەکە پاڵپشتی دەروونی و ژینگەیەکی پارێزراوی وەرنەگرێت، دۆخەکە دەتوانێت گەشە بکات و ببێتە بیرکردنەوەیەکی ڕەشبینانە سەبارەت بە داهاتوو، لەوانەیە توانای بڕیاردانی لەدەست بدات، لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا شێوازی بیرکردنەوەیان بە تەواوی دەگۆڕێت، لەوانەیە تووشی تێکچوونی درێژخایەن بێت.
شەیما سەماعی دووپاتی دەکاتەوە، کە ئەو هەڵمەتە هۆشیاریانەی لەم دواییانەدا لە ناو شارەکەدا دەستیپێکردووە، لەوانە ئەو هەڵمەتەی کە لەلایەن کۆمەڵەی دایکانی ڕفێنراوانەوە دەستیپێکردووە دژی ڕەشەبگیری ئەلیکترۆنی، هەنگاوێکی بەرچاون کە شایەنی سەرنجە.
وتی: ئەمڕۆ هەڵمەتگەلێک هەن کە دەیبینین لە سەرانسەری شارەکەدا نمایش دەکرێن بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەکانی ڕەشەبگیری ئەلکترۆنی، ئەمانە دەستپێشخەرییەکی زۆر گرنگن، دەبێت ئاگاداری ئەم پەیامانە بین و وەستان بۆ ئەوەی بیر لە ئامانجەکەمان بکەینەوە و ئێمە وەک کۆمەڵگەیەک دەتوانین چی بکەین بۆ پشتگیریکردنیان، زۆر گرنگە کە ئێمە بەشداری بکەین لە هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان، بەشداری بکەین لە پاراستنی منداڵانی کچ لە کەوتنە ناو ئەم دیاردەیە و یارمەتی کۆمەڵگە بدەین بۆ درککردن بە ڕاستی و پێویستی وەستانەوە بەرامبەری.
هەڵمەتەکان بەربەستی ترس دەشکێنن
حەنین حەدوری، خوێندکاری ڕاگەیاندن، ئاماژە بە کاریگەریی بەشێکی بەرفراوانی ژنانی گەنج دەکات سەبارەت بە گرنگی ئەم هەڵمەتانە و وتی: هەڵمەتەکانی هۆشیاری پەیوەست بە ڕەشەبگیری ئەلیکترۆنی بۆ ژنان و منداڵانی کچ زۆر گرنگە، زۆرێک لە ئێمە دەترسین لە قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام ئەم هەڵمەتانە بەربەستی ترس دەشکێنن و هانمان دەدەن بۆ ڕاپۆرتکردنی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تابلۆیە لە شەقامەکاندا هەستێک دروست دەکات کە ژنان تەنها نین، کەسانێک هەن پشتگیریان دەکەن و لەگەڵیان دەوەستن لەم شەڕەدا.
لەگەڵ فراوانبوونی خێرای شوێنی دیجیتاڵیدا، ژنان و منداڵانی کچ لە یەمەن لە ڕیزی ئەو گروپانەدا دەمێننەوە کە لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕەشەبگیری ئەلیکترۆنیدا بێبەشن، لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا بە گومانەوە سەیری قوربانییەکە دەکات نەک بە هاودەنگی.
لە نێوان ترسی قوربانی و لاوازی هۆشیاری کۆمەڵگە و نەبوونی سیستەمێکی پاراستنی کاریگەر، تاوانی ئەلیکترۆنی دەبێتە بارگرانییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی کە دەتوانێت تەواوی ژیانێک لەناو ببات.
ئەو هەڵمەتە هۆشیارییانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەستیان پێکردووە، لەوانە دەستپێشخەریی کۆمەڵەی دایکانی ڕفێندراو، گفتوگۆ لەسەر بەرپرسیارێتی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی ژنان دەکاتەوە، ئەوان وەک بیرخستنەوەیەک کاردەکەن کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەشبگیری ئەرکی تاکێک نییە، بەڵکو ئەرکێکی دەستەکۆمەڵییە کە پێویستی بە هۆشیاری زیاتر و یاسای توندتر و پشتیوانییەکی دەروونی و یاسایی ڕاستەقینە هەیە بۆ زیانلێکەوتووەکە.
لە کاتێکدا هەوڵەکان لەسەر زەوی بەردەوامن، هیوایەک ماوەتەوە کە ئەم هۆشیارییە ببێتە کولتوورێکی قووڵ چەسپاو و کۆتایی بە بێدەنگی زیانلێکەوتووەکان بهێنێت و ڕەشبگیرکەرەکان بخاتە بەردەم دادگا.