لە یەک ڕۆژدا لە ناوچە جیاجیاکانی سوریا ١٤ کەس کوژران
لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ناوچە جیاجیاکانی سووریا شاهیدی زنجیرەیەک کوشتن بوون، کە ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا کە دووانیان منداڵن.

ناوەندی هەواڵ
ڕووداوەکانی ئەم دواییانە لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا ڕەنگدانەوەی زیادبوونی گرژییە ئاسایشیەکان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتی، لە کاتێکدا بارودۆخی ناوچەکە خراپترە، ئەمە پرسیار دەربارەی هۆکارەکانی ئەو جۆرە ڕووداوانە دروست دەکات.
لە زنجیرەیەک ڕووداوی نوێدا، ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی ٧ی ئایار ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١٤ کەس لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا کوژراون، لە گوندی ڕۆژهەڵاتی ئیدلب، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینی چێندراو لە کاتی پاککردنەوەی بیرێک لە گوندی ئەبو دەفنە کە لە شەڕدا بەجێماوە، کەسێک گیانی لەدەستدا.
ئەوەشخرایەڕوو، تەرمی کەسێکی مردوو لە نزیک بیری چوارەم لە دەوروبەری شارۆچکەی رحا لە باشووری گوندی سوەیدا دۆزراوەتەوە، هەروەها چوار هاوڵاتی مەدەنی لە گوندەکانی لازاقیە کوژراون کە سەر بە حکومەتی کاتی بوون، لە کاتی کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.
گەنجێک دوای هێرشکردنە سەر گوندەکەی خۆی لە گوندەکانی ڕۆژئاوای حومس لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە دەستبەجێ تەقەی لێکرا، لە شاری قەرداحە هاولاتیانی تەرمی گەنجێکیان لە دەریاچەیەک دۆزییەوە، چەند ڕۆژێک پاش ڕفاندنی لەلایەن چەکدارەکانەوە.
ڕوانگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە شاری سەنەمین لە باکووری دەرعا منداڵێک گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی لە هەوڵێکی کوشتندا تەقەی لێکرا.
شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو بنەماڵە لە گوندی دور لە ڕۆژئاوای سوەیدا ڕوویدا، لە ئەنجامدا دوو گەنجی سەر بە مەزهەبی درووز گیانیان لەدەستدا، هەروەها لە
گوندەکانی ڕۆژئاوای حەما، سێ برای عەلەوییش لە کاتێکدا لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیاندا بوون، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراون.
سووریا دۆخێکی ناسەقامگیری ئاسایشی بەخۆیەوە دەبینێت، گرژییە ئاسایش و سیاسییەکان بەرەو هەڵکشان دەچن، ڕووداوەکانی ئەم دواییە ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزی دۆخەکە لەسەر زەوییە، بەو پێیەی پێکدادان و ئاژاوەی ئاسایشی کاریگەری لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە چەند ناوچەیەکدا هەیە، ئازارەکانی ڕۆژانەیان گەورەتر کردووە،لە ئەنجامدا زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە.