لە ئەفغانستان یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ژن لە خزمەتگوزاری تەندروستی بێبەشن
کەمیی دارایی لە ئەفغانستان بووەتە هۆی پەکخستنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان بۆ یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ژن، قەیرانێک کە بەهۆی داخستنی دامەزراوە پزیشکییەکان و دابەزینی یارمەتییە مرۆییەکانەوە زیاتر بووە.
ناوەندی هەواڵ
قەیرانی چاودێری تەندروستی لە ئەفغانستان قووڵتر دەبێتەوە، بەهۆی بەردەوامبوونی سنووردارکردنی جوڵەی ژنان و کەمبوونەوەی بودجەی نێودەوڵەتی، بەمەش ملیۆنان ژن بە توندی بێبەش دەبن لە خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێویستەکان.
سندوقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) ٢٤ی ئاب ڕایگەیاند، کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ژن لە ئەفغانستان بەهۆی کەمیی بودجەوە دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی چاودێری تەندروستی بێبەش کراون.
ڕوونیکردەوە، کە داخستن یان ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکان لە ناوەندە تەندروستییەکان زیاتر ڕێگری دەکات لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری پزیشکی ژنان، هەروەها بەردەوامی پشتیوانی مرۆیی زۆر گرنگە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە.
پێشتر ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە ١٤.٤ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە مرۆییەکان هەیە، لە کاتێکدا ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان لەگەڵ کەمیی دارایی تونددا دەجەنگن.
سیستەمی چاودێری تەندروستی ئەفغانستان بۆ دەیان ساڵە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بووەتەوە، دیارترینیان پشتبەستنی زۆری بە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان، کەمیی دەرمان و ئامێری پزیشکی و کەمی کارمەندی تایبەتمەند، هەروەها ڕێکخراوی ڕزگارکردنی منداڵان ڕایگەیاندووە کە ٦٠٠ بنکەی تەندروستی لە سەرانسەری وڵاتدا بەهۆی کەمی بودجەوە داخراون.