لە ڕووسیا لە ٦ مانگدا ٢٤٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان هەبووە

ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیا ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان بڵاودەکەنەوەو ئاشکرا کراوە، لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٥ هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیا سەبارەت بە ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە وڵاتەکەیان ڕایانگەیاند، لە  ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٥ هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە، کە ٢٤٥ حاڵەت پەیوەندی بە کوشتنی ژنانەوە بووە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، پەرلەمانی ڕووسیا ساڵانە سەدان یاسا دەردەکات لە٥  ساڵی ڕابردوودا تاوتوێی پرۆژە یاسای “نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لە رووسیا” دەکات و تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار جار هەموار کراوەتەوە.

 

هاوکات ڕاپرسییەکان لە ڕووسیا دەریدەخەن، ٩٥٪ی ژنان و زیاتر لە ٨٠٪ی پیاوان دەیانەوێت یاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی پەسەند بکەن، بەڵام یاسادانەرانی ڕووسیا پەلەیان نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. لە کاتێکدا ٦٩٪ی ژنان قوربانی توندوتیژی خێزانین.

 

ئەوەشخراوەتەروو، ڕۆژانە بە دەیان ژن لە ڕووسیا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە دەکوژرێن، زۆرێک لەو تاوانانە تێبینی ناکرێن چونکە ژنانی چەوساوە لە ترس و شەرمەزاریدا زۆر بە دەگمەن بارودۆخی خۆیان ئاشکرا دەکەن یان بە پۆلیس ڕادەگەیەنن و خۆیان لە ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی دوور دەخەنەوە.

 

جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە دۆمینیکا سێ ژنە چالاکوانی سیاسیی بە فەرمانی سەرۆکی وڵاتەکە بە ناوی ڕافایل ترۆژیلۆ تیرۆر دەکرێن، لە ساڵی ١٩٩٩ لە بەرانبەر ئەو کردەوە دڕندەیە لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٥ـی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان دیاریی کرا.