لە ورمێ ناوی پەخشان و وریشە و زەینەب لە پەیامی ٨ی ئادار دەنگدەداتەوە
ژنانی ورمێ، نەغەدە، مهاباد و بۆکان، ٨ی ئادار نەک تەنیا وەک ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی مافەکانیان، بەڵکو وەک نوێبوونەوەی پابەندبوونیان بۆ درێژەدان بە خەبات، پیرۆز دەکەن، ناوەکانی وەک وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و زەینەب جەلالیان لە پەیامەکانیاندا دەنگی دایەوە.

ڕۆیا مەجیدی
ورمێ - هەموو ساڵێک ٨ی ئادار وەک ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەدەچێت، ئەم ڕۆژە بۆنەیەکە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی پێشکەوتنی ژنان لە کایە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان و ڕەگ و ڕیشەی لە مانگرتن و ناڕەزایەتی و بزووتنەوەکاندایە کە ئامانجیان هۆشیارکردنەوەی گەل و بیرهێنانەوەی نایەکسانی بەردەواممان بووە، ٨ی ئادار لە ئێران بە فەرمی بەڕێوە ناچێت، بەڵام لە ناو چالاکانی مافی ژنان، ئەکادیمیستەکان و گرووپە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لەم ڕاپۆرتەدا پەیامی ژنان لە بەشێک لە شارەکانی پارێزگای ورمێ بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە تاوتوێ کراوە، پەیامێک کە لە ناخی بێبەشی و جیاکاری و خەباتەوە سەرچاوە دەگرێت.
"بە هیوای ئازادی ڕاستەقینە ئاهەنگی ٨ی ئادار دەگێڕین"
ژنان لە شارەکانی وەک ورمێ بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی فشاری کۆمەڵایەتی بۆ پابەندبوون بە شێوازە نەریتییەکان، وەک ئاساییکردنەوەی توندوتیژی خێزانی، سنووردارکردنی هەڵبژاردنی ژیان و قبوڵکردنی فرەژنی بۆ پیاوانم لەمبارەیەوە مریەم.ج.، وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە، لە پەیامێکدا وتی: نەبوونی فەزای ئازاد و دوور لە توندوتیژی بەربەستێکە بۆ هەموو ژنان، بەتایبەتی لە ناوچەکەماندا، ساڵانێکە زۆرێک لە ژنان خەبات دەکەن بۆ مافی ژیانی بەتەنیا، بۆ شکاندنی تابوی جیابوونەوە، هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیان، ڕەتکردنەوەی فرەژنی، بۆ ئەوەی مافی کارکردنیان هەبێت و هتد بەڵام ژمارەی کوشتنی شەرەف و هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان زۆر بەرزە و ڕێگایەکی دوور و درێژمان ماوە بۆ گەیشتن بە جیهانێکی ئازادتر ئەمە کاتێک مسۆگەر دەبێت کە شاهیدی شۆڕشی فیکری و ئازادی کەسانی وەک زەینەب جەلالیان و وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی ببین، بە هیوای ئازادی ڕاستەقینە ئاهەنگی ٨ی ئادار پیرۆز دەکەین.
ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرەتای گۆڕانکارییە گەورەکان بوو
لە شارێکی وەک نەغەدە، هێشتا بوونی ژنان لە ژینگەی گشتی و کۆمەڵایەتیدا هەندێک سنووردارکردنی نەنووسراوی لەگەڵدایە، بە بەراورد لەگەڵ شارە گەورەکان، کەشوهەوای هەڵاواردن و نەریتی، هاوکات لەگەڵ پێکهاتەی دیمۆگرافیای هەمەچەشنی ئەم شارە، دەنگی زۆرێک لە ژنانی پەراوێزخستووە، بەتایبەتی ژنانی کورد، هاوکات لەگەڵ ئەو پیاوسالارییەی کە لە کۆمەڵگەدا هەیە، سیاسەتەکانی حکومەت ڕۆڵی سەرەکییان لەم چوارچێوەیەدا گێڕاوە. دیکتاتۆرەکان هەموو شێوازێک بەکاردەهێنن بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنان، بەڵام ژنان وەک لە نەغەدا دەبینرێت، ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن ژیان ئازادی وەک خاڵی وەرچەرخان بۆ گۆڕانکاری دەناسن و خەبات بۆ دەستکەوتی گەورەتر دەکەن.
لەمبارەیەوە ژینۆ.گ بەبۆنەی ٨ی ئادارەوە وتی: پیرۆزبایی ڕۆژی ڕزگاری ژنتان لێدەکەم و هیوادارم ڕۆژێک بە یەکخستنی سەرجەم ژنانی جیهان، گۆڕانکارییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاشتەوایی هەمەلایەنە بهێنینە ئاراوە، هەرچەندە لە شارێکی وەک نەغەدا ژنان و بە تایبەت ژنانی کورد ڕووبەڕووی زۆر کۆت و بەند و سەرکوت دەبنەوە، لە کەمترین ئازادییەکان بێبەش دەکرێن و تەنانەت دەبێت خەونەکانیان سانسۆر بکرێن، بەڵام دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" شاهیدی گۆڕانکاریی بیری بونیادنان بووین کە هەموو کۆمەڵگەکەی گۆڕی، هیوادارین لەگەڵ کۆتایی هەموو سەرکوتێک، ئاشتەوایی ببێتە میوانی کۆمەڵگە و ئامانجی ئازادی ژن بەدی دێت.
"ئەنجامی خەباتەکانمان گەورەترین دەستکەوتی ئێمەیە"
ساڵانێکە مهاباد بە هۆی هەڵکەوتنەوەی لە قوڵایی ڕووداوە سیاسییەکاندا کەشێکی سەرکوتکەر بووە، ٨ی ئادار جگە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاشکرای پیاوسالاری، ڕووبەڕووی سەرکوتی توندی ڕژێم دەبنەوە و زۆرێک لە چالاکوانان ئەزموونی بانگهێشتکردن و هەڕەشە و هەندێک حوکمی وەک زیندانیان کردووە. پەیامی ژنانی ئەم شارە لەم ڕۆژەدا بانگەوازێکە بۆ درێژەدان بە خەبات. نەسرین.ج، چالاکوانی مافەکانی ژنان سەبارەت بەم بابەتە وتی: ئەوان چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە هەواڵگری و ئەمنییەکانیان کردین و هەوڵیاندا بە دروستکردنی ترس و سەرکوت ڕێبازەکەمان بگرن، بەڵام ئەمە هێشتا خاکێکە کە پەخشانەکان لەدایکدەکات و ژنەکانیش نمونەی خۆیان لە وەریشە و زەینەب و شیرینەکان وەردەگرن". ئێمە تا کۆتایی خەبات دەکەین بۆ گەیشتن بە خاکێکی ئازاد و جیهانێکی ئازاد و وەک دایک، خوێندکار، مامۆستا، ڕۆژنامەنووس، نووسەر، پارێزەر و زۆرتر هەوڵی بۆ دەدەین. پیرۆزبایی لەو ژنانە دەکەین کە لەم ڕۆژەدا خەبات دەکەن و لە دڵی زیندانی ستەمدان و پێمان وایە دەرئەنجامی تێکۆشانەکانمان گەورەترین دەستکەوتی ئێمەیە.
هۆشیاری و شکاندنی تابۆکان؛ هێزی بزوێنەری خەبات
هۆشیارکردنەوە و شەڕکردن و شکاندنی تابۆکان بۆ ژنان کارێکی کۆمەڵایەتی سادە نییە، بەڵکو هەوڵێکی هەرەوەزییە بۆ گەیشتن بە مافەکانی مرۆڤ و نەهێشتنی هەڵاواردنی مێژوویی شیوا.ن، نووسەر و چالاکوانی ژنانە لە بوکان کە ئەم هۆکارانە بە کاریگەر دەزانێت لە پێشخستنی خەباتی ژنان و دەڵێت: "یەکەمجار کە ژنێک وتی 'نا' بۆ هاوسەرگیریی زۆرەملێ، قەدەغەکردنی کار و خوێندن، بڕوانامەی کچێنی، نەبوونی مافی جیابوونەوە، حیجابی ناچاری و هتد، تابۆیەک شکێندرا و ململانێیەک لە دڵی کۆمەڵگەدا ڕوویدا، و وردە وردە توانیان خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ بە مافی ڕەوای خۆیان ناوببەن، هۆشیاری و دانانی نموونە هێزێکی بزوێنەرە بۆ خەبات و زۆرێک لە ژنانیش بەو ئاراستەیە کاریان کردووە، ٨ی ئادار بە هیوای هۆشیارکردنەوەی ژنان پیرۆز دەکەین.