لە تاجیکستان قەدەغەکردنی حیجاب پەسەند کرا

لە تاجیکستان پێشنیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی توربان و حیجاب و هەموو "سیمبولەکانی ئیسلامی" کە وەک "جل و بەرگی نامۆ بە کولتووری وڵات" دادەنرێت، پەسەند کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئیمام عەلی ڕەحمۆن، سەرۆکی تاجیکستان ئاشکرایکردووە، لەناو ۳٥ یاسادا، کە بەم دواییانە دەرکراون، یاساکانی رێکخستنی ئاهەنگەکان، بەرپرسیارییەتی منداڵان، ڕێگەنەدان بە فرۆشتنی جلوبەرگی بیانی وەک حیجابی ئیسلامی و زیادەڕۆیی نەکردن لە ئاهەنگەکاندا هەن.

 

لە رۆژی ١٩ی حوزەیرانیشدا، لەو ژمارەیە، دوو یاسا لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەکەوە پەسەند کراوە، یەکەمیان قەدەغەکردنی جلوبەرگی بیانییە، بەپێی ئەو یاسایە، حیجاب و ئەو جلانەی دیکە کە بەم دواییانە لە وڵاتەکەدا بڵاوبوونەتەوە، قەدەغەکراون.

 

 ئیمام عەلی لەبارەیەوە وتوویەتی: لەبەرکردنی جلی بیانی کە ناوێکی ساختەیان هەیە لەگەڵ حیجابدا، کێشەی دیکە بۆ کۆمەڵگەکەمان دروست دەکات".

 

دووەمیان، قدەغەکردنی ئەو شتانەیە کە پەیوەندی بە جەژنی رەمەزان و قوربانەوە هەیە، بریتییە لە گەڕانی منداڵان ماڵ بە ماڵ بە مەبەستی سڵاوکردن و جەژنەپیرۆزەکردن لێیان، لەبارەی هۆکاری قەدەغەکردنیشییەوە ئاماژە بەوەکراوە کە "نەریتێکی مەترسیدارە و ناپەروەردەییە و هیچ بەهایەکی یاسایی و ئاینی نیە".

 

وابڕیاریشە ئەو کەسانەی سەرپێچی یاساکە دەکەن سزای دارایی بدرێن، سزاکەش لە ۷۰۰ یۆرۆوە دەستپێدەکات بۆ کەسە ئاساییەکان، دەگات بە ٥۰۰۰ یۆرۆ بۆ کارمەندانی حکومی و کاربەدەستانی ئاینی.

 

لە تاجیکستان کە ٩٩%ی دانیشتووانی موسڵمانن، بەپێی داتا فەرمییەکان ساڵانێکە لە دامودەزگا حکومییەکان و قوتابخانەکان قەدەغە کراوە، لە وڵاتدا پیاوان بۆیان نییە ڕیشیان بهێڵنەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بووە کە هەزاران پیاو لەلایەن پۆلیسەوە لەسەر ڕێگاکان ڕاگیراون و ڕیشیان بە زۆر بڕاوە، حکومەت ئەم پراکتیزەیەی بە ترسی ڕادیکاڵبوون لە ئاسیای ناوەڕاستدا بە شوێنکەوتنی ڕێبازی ئەفغانستان ڕوونکردەوە.