لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پشتیوانی لە وریشە مورادی دەکرێت

لە دوای تێپەڕبوونی ١٩ ڕۆژ بە سەر مانگرتن لە خواردنی وریشە مورادی، چالاکوانان و ئازادیخوازان وەک پشتیوانییەک دەستیان بە هەڵمەتی هەشتاگیێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٠ی تشرینی یەکەمەوە وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئەڤین وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن ئێرانەوە مانگرتنی لە خواردن دەست پێکردووە  تا ئێستا بەردەوامە، هاوکات مافەکانی مرۆڤ داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و چارەسەری پزیشکی بۆ بارودۆخەکەی دەکەن.

 

لە درێژەی پشتیوانییەکان بۆ وریشە مورادی، ئێوارەی ٢٨ی تشرینی یەکەم، لە سەرجەم تۆڕە  کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام، ئێکس هەڵمەتێک بە هەشتاگی وریشە مورادی "verishehmorad#" لە لایەن سەرجەم چالاکوانان و ئازادیخوازانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو.

 

هەروەها ئەو چالاکوانان و ئازادیخوازانە وەک پشتیوانییەک لە پێگە فەرمییەکانی خۆیانەوە داوا دەکەن سەرجەم خەڵکی کوردستان بەشداریی لەو هەشتاگە بکەن وەک ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر سزادانی وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئەڤین لە شاری تارانی ئێران.

 

وریشە مورادی لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک سنە دەستگیرکرا، دوای نزیکەی ٥ مانگ لێکۆڵینەوە لە ناوەندەکانی ئیتلاعات گوازرایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەڤینی تاران، هەروەها بە تۆمەتی یاخیبوون سزا دراوە.