لە سوەیداوە: وڵاتێکی ئازادمان دەوێت بەبێ شەڕ
ئیلهام ڕیدان، چالاکوانی بزووتنەوەی جەماوەری لە شاری سوەیدای سووریا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان دەیانەوێت شەڕ بوەستێت و ئاشتی زاڵ بێت و وڵاتێکی ئازاد بێت کە ناسنامەی هەموو پێکهاتەکانی تێدا بناسرێت.

ڕوشیل جونیور
سوەیدا- بۆ یەکەمجار لە ماوەی دەیان ساڵدا گردبوونەوەی ٨ی ئادار لە سووریا بەڕێوەدەچێت، لە زۆربەی شارەکانی سووریا هیچ ئاهەنگێکی ڕۆژی جیهانی ژنان بەڕێوەنەچوو، یەکێک لەوانە سوەیدا بوو، هەرچەندە ژنانی پێشەنگ هەبوون لە بزووتنەوەی جەماوەری لە شۆڕشی گەورەی سووریاوە تا ڕاپەڕینی ساڵی ٢٠١١.
"ڕژێمی بەعس ڕۆژی ٨ی ئاداری کردە ڕۆژێکی زەلیل بۆ ژنان"
ئیلهام ڕیدان، چالاکوانی بزووتنەوەی جەماوەری لە سوەیدا، ئەندامی کۆمیتەی کۆمەڵایەتی بۆ کاروباری نیشتمانپەروەری و ئەندامی گرووپی "کچانی بەهار" ڕایگەیاند کە ئەمە یەکەمجارە ٨ی ئادار پیرۆز دەکەین و وتی: ئەم ڕۆژە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە وەک ئامڕازێک بۆ بچووککردنەوەی خەباتی ژنان بەکارهێندرا، وەک کۆمەڵێک ژنی گەنج لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستمان کرد بە ڕێکخستنی شەوی هونەری و ژیانی جیهانی ژنان، لەگەڵ دەستپێکردنی ململانێی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ لە دژی ڕژێمی بەعس، ئێمە چالاکی خۆمان ئەنجامدا و ئیدانەی کردەوەکانی ڕژێمی دژ بە ژنانمان کرد.
"ئاهەنگی ٨ی ئادارمان نەگێڕا بەهۆی ئەو کارانەی لە کەنار دەریاکان ئەنجامدرا"
سەبارەت بە نەبوونی هۆکار بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان لە شاری سوەیدا، ئیلهام ڕیدان ئاماژەی بەوەدا کە ئەمساڵ خۆشحاڵییان بۆ ئەم ڕۆژە ناتەواو بووە و وتی:بەهۆی ئەو کار و پێکدادانانەی کە لە ناوچە کەنارییەکان دژی پێکهاتەی عەلەوییەکان ڕوویاندا، بڕیارماندا ئەمساڵ ئاهەنگ نەگێڕین و پشتیوانی خۆمان بۆ خەڵکی کەناراوەکان دەربڕی، ٨ی ئادار ڕۆژێکی مێژووییە بۆ ئێمە.
"با شەڕ بوەستێت و ئاشتی زاڵ بێت"
ئیلهام ڕیدان، سەبارەت بە بانگەواز و داواکارییەکانی ژنانی سووریا سەبارەت بە سووریای نوێ، وتی: ژنانی سووریا داوا دەکەن وڵاتێکی ئازاد دوور لە توندوتیژی بونیادبنرێت، لە هەمانکاتدا ڕێگای کۆچکردن بەڕووی گەنجاندا دابخرێت، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان، بزووتنەوە فێمینیستەکان لەگەڵ هەموو ژنانی سووریا لە جوڵەدا دەبن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و دیموکراسی، کە ناسنامەی هەموو پێکهاتەکان لە وڵاتێکی ئازاددا بناسرێت و بتوانن پێکەوە بژین.