لە سوید پێرفۆمانسی "بێدەنگی" لە دژی سزای لەسێدارەدان بەڕێوەچوو

ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران دژی لەسێدارەدان پیرفۆمانسی بێدەنگیان بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و دۆسیەی"منداڵانی ئەکبەتان" ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

چەند خۆپیشاندەرێک لە سوید بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و ئەو خۆپیشاندەرانە کە لە ژێر ناوی دۆسیەی "منداڵانی ئەکبەتان" لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازدای" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، پێرفۆمانسێکی بێدەنگیان بەڕێوەبرد.

 

ئەم خۆپیشاندەرانە وێڕای لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەمزی گیراوان و دانانی وێنەی ژینا ئەمینی لەسەر جلوبەرگەکان، وێنەی زیندانیانی سیاسی سزادراوی لەسێدارەدانیان بەدەستەوە بوو و بە بێدەنگی لە شەقامەکانی سوید ڕێپێوانیان دەکرد، هەرەوها داوای هەڵوەشاندنەوەی سزا لەسێدارەدانەکانی ڕژێمی ئیسلامی لە دژی هەموو زیندانییەکان و لەوانە زیندانییە سیاسییەکانیان کرد.

 

وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" و زیندانی سیاسی زیندانیکراو لە زیندانی ئێڤین، پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، توێژەری کۆمەڵایەتی و زیندانیی زیندانیکراو لە ئێران، کۆمەڵێک لە ناڕازیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا کە بە "ئەکبەتان" ناسراوە، بەم دواییە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

 

دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو زیندانیانەدا کاردانەوەی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا بەدوای خۆیدا هێناوە و سەرەڕای داواکاریی دووبارەی ناڕازییان، چالاکوانانی مەدەنی، مافی مرۆڤ و هتد، بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە، تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەک لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە نەبووە.

 

ئه مه له کاتێکدایه که ڕێکخراو و دامەزراوه نێودەوڵەتییەکانیش لەو بارەیەوە بێدەنگن و تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان نەناوە.