لە سووریا لە ٥ کۆمەڵکوژییدا ١٦٢ کەس گیانیان لەدەستداوە
ڕوانگەی سووری دووپاتی کردەوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێنج کۆمەڵکوژی لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا لە دژی هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجام دراون و لە ئەنجامدا ١٦٢ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەست داوە کە ژن و منداڵیشیان هەبووە.

ناوەندی هەواڵ
شارەکانی سووریا لەم دواییانەدا شاهیدی پەرەسەندنی کوشتن لە دژی خەڵکی مەدەنی بوون، ئەمەش پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو تاوانانە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرەکانیان.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ ٨ی ئادار ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی کەناراوەکانی سووریا، پێنج کۆمەڵکوژی جیاواز ڕوویانداوە، ١٦٢ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن، زۆربەیان لە لەسێدارەدانی مەیدانیدا ئەنجامدراون کە لەلایەن توخمەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی ناوخۆ لە حکومەتی کاتیدا ئەنجامدراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە گوندەکانی شاری تارتووس، ٦٢ هاوڵاتی مەدەنی بە تەقەکردن کوژراون، کە ١٠ ژن و ٥ منداڵ بوون، هەروەها لە ناوچە و گوندە جیاوازەکانی شاری لازقیە، ٩٨ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، ٤٥ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ، ٢٢ کەسیان لە هێرشێکدا کە ماڵەکانیان کردۆتە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی ٢٤ کەسیان لە کاتی سێدارەی بەکۆمەڵدا بوون، و ٧ کەسیان لە ئەنجامی لیدانی سەختدا بۆ سەر و سنگ، لە شاری سەلحەب لە حەما، هاوڵاتییەکی مەدەنی و کوڕەکەی دوای ئەوەی لە ماڵەکەی خۆیانەوە دەستگیرکران، کوژراون.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەپەلە هەنگاو بنێن و تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی تایبەتمەند بنێرن بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکارییانە کە کاریگەرییان لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی هەبووە.